سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە
نازم ھەرکی، جێگری سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: "وابڕیارە کە دووشەممەی داھاتوو جارێکی دیکە سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکی فراکسیۆنەکان، لێژنەکانی یاسایی و دارایی کۆببنەوە و بانگهێشتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەکەن بۆ کۆبوونەوەکە تا ڕوونکردنەوەی زیاتر لەسەر پرۆژەکە بدات، بەتایبەت وەزیری دارایی، وەزیری خوێندنی باڵا، وەزیری ناوخۆ و وەزیری شەھیدان ڕوونکردنەوە لەسەر مادەکانی پرۆژەکە بدەن کە مادەی (10)یە، بۆ ئەوەی زیاتر بەرچاو ڕوونییەک لەسەر بڕینی دەرماڵەکان ھەبێ".
گوتیشی، "ڕۆژی چوارشەممە 2018/4/11 وەک فراکسیۆنی پارتی کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا و یاداشتێکمان ئامادە کردووە، تێدا داوای کۆبوونەوەی نائاسایمان کردووە، بۆ ئەوەی ئەو پرۆژەی چاکسازییە لە پەرلەمان پەسەند بکرێت و حکوومەتیش بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەبەر ئەوەی پرۆژەکە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و حکوومەتیشدایە".
پەرلەمانتارەکەی پارتی ڕوونیشی کردەوە، کە بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە دەیان ملیار دینار بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە، بۆیە ئەگەر لە کۆبوونەوەی دووشەممە نەگەنە بڕیارێک بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نا ئاسایی پەرلەمان ئەوا ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی ھەڵوێستمان دەبێ و ھەڵوێستەکەشمان توند دەبێت سوورین لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نا ئاسایی.
باسنیوز
