بەھۆی تەقینەوەیەک لە خانەقین سێ کەس بوونە قوربانی

 بەھۆی تەقینەوەیەک لە خانەقین سێ کەس بوونە قوربانی
بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای گەیاند، بەھۆیی تەقینەوەیەکەوە سێ هاووڵاتی لە خانەقین بوونە قوربانی.

شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی ڕايگەیاند، کاتژمێر پێنجی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12_4_2018، بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلی پاسەوانی سنووردا تەقیوەتەوە و بەو ھۆیەشەوە ”کەسێکیان لێ کوژراوە و دووانی دیکەش برینداربوون“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە تەقینەوەکە لە شوێنی فەرماندەیی گەرمیان ڕووی داوە کە ئێستا کراوەتە بارەگای حەشدی شەعبی و ”دەبووایە شوێنێکی پارێزراو بێت. گوتیشی: “شەقامەکە سەرەکییە و بە پێشی زانکۆی گەرمیاندا سەردەکەوێ بۆ ئەو شوێنە، بەڵام تەقینەوەکە بۆ زانکۆی گەرمیان دانەنراوە، بەڵکوو بۆ پاسەوانیی سنوور دانراوە“.

ڕوونیش کردەوە کە دۆخی ئەمنی خانەقین بەتایبەت دەوروبەری شارەکە، سەقامگیر نییە و ”مەترسی لەسەر ھاتوچۆی خەڵک ھەیە“.

دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر کە بەرپرسانی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایانگەیاندووە، لەلایەن گرووپێکی نێو حزبەکەیانەوە ئەنجام دراوە، کەرکووک، خانەقین و خورماتوو و چەندان ناوچەی دیکەی کوردستان کەوتووەتە دەست میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و تاوەکوو ئێستاش ئەو ناوچانە سەقامگیر نین.











باسنيوز
Top