گوتەبێژی هاوپەیمانییەکەی بەرهەم ساڵح لە وەڵامی مەلا بەختیاردا: پارەیان لێ بڕاوە بۆیە وا دەکەن

 گوتەبێژی هاوپەیمانییەکەی بەرهەم ساڵح لە وەڵامی مەلا بەختیاردا: پارەیان لێ بڕاوە بۆیە وا دەکەن
گوتەبێژی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، وەڵامی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەداتەوە و پرسیاری ئەوە دەکات: ”لەکەیەوە ئەم جۆرە کەسانە بوونەتە خاوەنی یەکێتی؟“.

دوای ئەوەی مەلا بەختیار، لە لێدوانێکیدا بۆ (دەنگی ئەمریکا) ڕای گەیاند، بناغەی شکستەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەرهەم ساڵحە و لەو کاتەی سەرۆک وەزیران بووە، حکوومەتی خستووەتە ژێر باری قەرزێکی زۆرەوە و ئەو قەررزەش وەک بارێکی قورس لەسەر کابینەکانی دوای کابینەی بەرهەم ساڵح ماوەتەوە.

ڕێبوار کەریم، گوتەبێژی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری کە بەرهەم ساڵح سەرۆکایەتیی دەکات، ڕايگەیاند: ”خەڵکی زیندوو شاھێدی بۆ کارەکانی بەرھەم لەو کاتەی لە حکوومەتدا بوو دەدەن کە چی کردووە، قەرز ھێنانە سەر حکوومەت چییە؟“.

گوتەبێژی هاوپەیمانییەکەی بەرهەم ساڵح لە وەڵامی مەلا بەختیار دەڵێ: ”ئەو قسانە ئاسایین، چونکە پارەیان لێ بڕاوە و دەستی ئەوانی لەناو داھاتی میللەتی کورد بڕیوە“.

لەبارەی ئەو قسەکانی مەلا بەختیار، کە باسی لە دەرکردنی ئەو کەسانە کردبوو کە لە ئۆرگانەکانی یەکێتین و کاریش بۆ لیستەکەی بەرھەم ساڵح دەکەن، رێبوار کەریم ڕايگەیاند: ”لە کەیەوە یەکێتی وای لێ ھاتووە ئەم جۆرە کەسانە ببن بە خاوەنی؟ یەکێتی ھی خەڵکی ڕاستەقینەی ناو یەکێتییە و ئەبێ کادیرەکانی یەکێتی خۆیان بڕیار بدەن، چونکە ئەوان لەناو یەکێتیدا پێگە و کەسایەتیی خۆیان ھەیە“.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە چارەنووسی ئەو کەسانە کرد کە بەهۆی بەرهەم ساڵحەوە دەردەکرێن و گوتی: ”بابەتێک بەناوی وەرگرتن نییە، داوا دەکەین لەناو حزبەکانی دیکە خۆیان بۆ باشترکردنی ئەم وڵاتە ئامادە بکەن“.









باسنيوز
Top