دۆناڵد ترەمپ: مووشەکەکانی ئەمریکا بەرەو سووریا بەڕێوەن و با ڕووسیا ئامادە بێ
کەمێک لەمەوبەر لە تویتێکدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەی بە هەڕەشەکانی ڕووسیا بۆ خستنەخوارەوەی مووشەکەکانی ئەمریکا کرد و رای گەیاند: “ڕووسیا بڕیاری داوە کە ھەر مووشەکێک ئاراستەی سووریا دەکرێت، بیخاتە خوارەوە”.
ترەمپ داوا لە ڕووسیا دەکات، خۆی بۆ خستنەخوارەوەی مووشەکەکان ئامادە بکات و دەڵێت: “با ڕووسیا ئامادە بێ، چونکە مووشەکەکانمان وا بەڕێوەن”.
سەرۆکی ئەمریکا مووشەکەکانی هێزە جەنگییەکانیان بە مووشەکی “جوان و نوێ و زیرەک” وەسف دەکات و پێیوایە، نەدەبووایە ڕووسیا ھاوپەیمانیی کەسێک بکات کە “وەکوو ئاژەڵ ھێرشی کیمیایی دەکاتە سەر خەڵکی خۆی و خۆشیی لێ دەبینێت”.
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەموو ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکی بۆ سەر چەند پێکەیەکی جیاواز لە سووریا ئەنجام بدرێت و بەو هۆیەشەوە کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان هۆشدارییان پێ دراوە.
باسنيوز
