سەفین دزەیی: هێشتا چوونی شاندێکی باڵای حکوومەت بۆ بەغدا دیار نییە

 سەفین دزەیی: هێشتا چوونی شاندێکی باڵای حکوومەت بۆ بەغدا دیار نییە
گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زانیاری لەبارەی چوونی شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پایتەختی عێراقی فیدرال خستەڕوو و ئاشکرای کرد کە هێشتا ئەو سەردانە ”نادیارە“.

سەفین دزەیی لە لێدوانێکی، باسی لەو دەنگۆیانە کرد کە لە میدیاکانەوە سەبارەت بە چوونی شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا کرد و ئاماژەی بەوە دا، بەردەوام شاندی هونەری (تەکنیکی) لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبوون و سەردان و هاتوچۆیان بەردەوام هەبووە.

لەبارەی چوونی شاندە باڵاکەی حکوومەت، سەفین دزەیی ڕايگەیاند: ”جارێ چوونی شاندی سیاسی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەغدا دیار نییە“.

ئەمە لە کاتێکدایە کە دوای ئەوەی کێشەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدرال بەرەو هێوربوونەوە چوو، چەندان دیدار و گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لە نێوان سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕێوە چوو.









باسنيوز
Top