مەلا بەختیار: بناغەی شکستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەم ساڵحە
مەلا بەختیار لە لێدوانێکیدا بۆ بەشی کوردیی ماڵپەڕی (دەنگی ئەمریکا)، ئاماژەی بەوە داوە کە بەرهەم ساڵح لەنێو یەکێتیدا کۆتایی هاتووە و لە کۆبوونەوەی دوێنێ سێشەممە ١٠ی نیسانی ٢٠١٨ە و کۆبوونەوەکانی پێشووش، بڕیاریان داوە کە بەرهەم ساڵح لەنێو حزبەکەدا نییە. دەشڵێت: ”ھەموو ئەو کەسانەی لەناو یەکێتین لە ھەر پلە و پایەیکدا بن، بەڵام لە لیستەکەی بەرھەم ساڵحن، دەردەکرێن، ھەموو ماڵ و موڵکی یەکێتییان لێدەسەنرێتەوە و مووچەیان لە یەکێتی دەبڕێت“.
مەلا بەختیار دانی بەوەشدا ناوە کە قسە ھەیە، کۆمەڵێک بەرپرسی یەکێتی لەناو حزبەکەیاندا کار و بانگەشە بۆ لیستەکەی بەرھەم ساڵح دەکەن و ”جموجۆڵی گوماناویش ھەیە کە لە ناو یەکێتیدا خەڵکانێک ھەن، کار بۆ بەرھەم ساڵح دەکەن“، بۆیە ”لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکھاتووە لەسەر ئەو کەسانە، دوای دڵنیابوونەوە، ئەگەر ئەندامی مەکتەبی سیاسی بن، ئەوا ئەندامێتییان تا کۆنگرە ھەڵدەپەسێردرێت بۆ ئەوەی کۆنگرە بڕیاریان لەسەر بدات، بەڵام ئەگەر خوار مەکتەبی سیاسی بن، ئەوا دەردەکرێن لە ناو یەکێتی“.
مەلا بەختیار لە درێژەی لێدوانەکەیدا، بناغەی شکستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەرهەم ساڵح گەڕاندووەتەوە و گوتوویەتی: ”بناغەی شکستی حکوومەت دەگەڕێتەوە بۆ بەرھەم ساڵح، ئەو کاتەی ئەو سەرۆکی حکوومەت بوو، قەرزێکی زۆری ھێنایە سەر ئەم حکوومەتە“.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە: ”لە سەردەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بەرھەم ساڵحدا، سەرمایەدار ھەبووە نەک ١٠٠% بەڵکو ٨٠٠% قازانجی کردووە، مەگەر ئەوە تەنھا بازرگانانی ماددەی ھۆشبەر و قاچاخچیی فرۆشتنی ھێرۆین قازانج بەو ڕێژەیە بکات“.
باسنيوز
