ئەمڕۆ پەرلەمان لەبارەی پڕۆژەی چاكسازییەوە كۆ دەبێتەوە
پڕۆژەی چاكسازی لە بواری مووچە وخانەنشینی لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئامادە كراوە و رەوانەی پەرلەمان كرا و پەسەندیش كرا، بەڵام بە هۆی ناڕەزایەتیی خەڵكەوە رەوانەی پەرلەمان كرایەوە بۆ ئەوەی هەموار بكرێتەوە، بۆیە بڕیارە پەرلەمان ئەو ماددەیە هەموار بكاتەوە و، بۆ دیاریكردنی وادەی دانیشتنێكی نائاسایی پەرلەمانیش، بڕیار بوو رۆژی یەكشەممەی ڕابرد كۆبوونەوەكە ئەنجام بدرێت، بەڵام بۆ ئەمڕۆ دوا خرا، كە بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایە، نزیكەی 100ملیار دینار بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە و، بەمەیش پاشەكەوتی مووچە نامێنێت".
ڤەمان فەیسەڵ، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەمڕۆ پێشنیوەڕۆ، سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەگەڵ فڕاكسیۆنەكان كۆ دەبێتەوە و وادەیەك بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەمواركردنەوەی پڕۆژەیاسای چاكسازی لە بواری خانەنشینی و مووچە دیاری دەكرێت، بۆیە پێشبینی دەكرێت كۆتایی ئەم حەفتەیە پەسەند بكرێَت، چونكە پەرلەمان سوورە لەسەر ئەوەی پڕۆژەیاساكە بە زووترین كات هەموار بكرێتەوە".
فەیسەڵ گوتیشی: "هەر كاتێك وادەی كۆبوونەوەكە دیاری كرا و رێككەوتنی لەبارەوە بكرێت، ئێمە لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا لەگەڵ لیژنەی دارایی راپۆرت لەبارەی هەمواركردنی پڕۆژەیاساكەوە ئامادە دەكەین، چونكە كاتی زۆری پێویست لە بەردەستدا نییە".
ئەو هەروەها دەشڵێ: " پڕۆژەیاساكە گرینگییەكی زۆری هەیە، چونكە خەڵكێكی زۆر لێی سوود مەند دەبن و پاشەكەوتی مووچە هەڵدەگیرێت و بە تەواوەتی نامێنێت، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش پەلەیەتی بە زووترین كات پڕۆژەیاساكە پەسەند بكرێت، چونكە كاتی خۆیشی كە پەسەند كرا، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەی میونشنەوە بە تەلەفون لەگەڵ ئێمە لەسەر خەت بوو تاوەكوو پڕۆژە یاساكە پەسەند كرا، چونكە ئەویش زۆر بەپەرۆشە بۆ ئەوەی پڕۆژەكە جێبەجێ بكرێت".
kdp-
