لوقمان عەبدلقادر: چاوەڕێی دوابڕیاری دادگاین لەبارەی هاونازهوه
ئەمڕۆ 10ی 4، دوایین دانیشتنی دادگا دەبێت بۆ یهكلاكردنهوهی كهیسی هاوناز، لەو بارەیەوە، هاوناز هۆشەنگی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "نازانم ناوی خۆم بە چی بێنم، ئەمڕۆ 10ی 4ی 2018 دوایین دانیشتنی دادگاییم دەبێت لە دادگای باری كەسیی سلێمانی بۆ وەرگرتنەوەی ناسنامەی هاوناز ئەحمەد قادر لێم و ناونانەوەم بە مریەم هۆشەنگی. چارەنووسێكی نادیار چاوەڕێم دەكات، بۆیە تاكە داوای من لە حكوومەتی هەرێم و بەڕێز سەرۆكی حكوومەت، ئەوەیە جنسییە و تەسكەرەی عێراقیم بدەنێ، با لەم بێچارەییەی ئێستامدا نەمێنمەوە".
لەبارەی ئەوەی كە ئایا پشكنینی تری "دی ئێن ئەی" بۆ كراوە، مریەم هۆشەنگی دەڵێت: "بەڵێ سمپڵی خوێنم لێ وەرگیراوە تاوەكوو جارێكی تر لەگەڵ تەواوی ئەو هاووڵاتیانەی هەڵەبجە كە منداڵی كچیان ون بووە، بەراوردی بكەن و چارەنووسم دیاری بكرێت، كە بڕیارە پشكنینی دی ئێن ئەی لە وڵاتی بەریتانیا ئەنجام بدرێت".
لوقمان عەبدلقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجەیش گوتی: "هەرگیز دەستبەرداری مریەم نابین، ئەو هاوكارییەی كە پێویستی بێت بۆی دابین دەكەین، كە بە سوپاسەوە ئێستا لە لایەن سەرۆكی حكوومەتی كوردستانەوە، شوێنی نیشتەجێبوون و مووچەی تایبەت و خوێندنی زانكۆی بۆ فەراهەم كراوە. ئێستایش چاوەڕێی دوابڕیاری دادگاین لەبارەی كەیسەكەیەوە".
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارنی هەڵەبجە گوتیشی: "تا ئێستا 73 خێزانمان هەیە كە 179 منداڵیان لێ ون بووە و چەندین كەسیش هاتوون و دەڵێن، منداڵی هەڵەبجەیین، سمپڵی خوێنیان لێ وەرگیراوە بۆ ئەوەی بتوانین چارەنووسیان دیاری بكەین".
ڕۆژی 16ی 3ی 1986، ڕژێمی ڕوخاوی بهعس هەڵەبجەی، كیمیاباران كرد و 10 هەزار بریندار و پێنج هەزار شەهیدی لێ كەوتەوە.
kdp-
