گۆڕان و یەکێتی بۆ دژایەتیی قەوارە نوێیەکان لە سلێمانی پێکەوە هەماهەنگی دەکەن
سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، کە ھەردوولا دەیانەوێ کار لەسەر جووڵاندنەوەی چەند دۆسێیەکی قورسی گەندەڵی لەسەر شاسوار عەبدولواحید و چەند فایلێکی یاسایی دیکەش لە دژی بەرھەم ساڵح، سەرۆکی قەوارەی ھاوپەیمانی لە دادگاکان بکەنەوە.
ئەو سەرچاوەیە بۆ (باس) ئەوەشی خستە ڕوو، دۆسێکانی شاسوار عەبدولواحید ھەر جووڵاندنەوەی ئەو دۆسێیانەی پێشووتر و چەند دۆسێیەکی دیکەی نوێشن، کە ئێستا لەلایەن ئەندامانی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سێمانی ئامادە کراون، بۆ ئەوەی بدرێنە داواکاری گشتی.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، دۆسێکانی گەندەڵی تایبەت بە شاسوار عەبدولواحید، ئەگەر لەم دۆخەدا لە دادگاکانی سلێمانی یەکلا ببنەوە کە شاسوار عەبدولواحید بەھۆی دروستکردنی قەوارەیەکی سیاسی، چ لەناو گۆڕان یان یەکێتی، ناتوانرێ وەکوو پێشوو پشتیوانیی لێ بکرێت، ئەوە جگە لە حوکمی قورسی زیندان بۆی، ناوبراو رووبەڕووی مایەپووچبوونی داراییش دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی دۆسێی تایبەت بە پێشلکارییەکانی یاسای وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان بە رادەیەکی گەورە سەرپێچیی تیادا کراوە، کە بەپێی یاساکە شاسوار عەبدلواحید دەبێت بە سەدان ملیۆن دۆلار بداتەوە خەڵک و حکوومەت، ئەمە جگە لە کارە نایاسایی و سەرپێچییە گەورەکانی لە گوندی ئەڵمانی، کە بەپێی یاسا دەبوو لەناو گوندەکەدا مزگەوت و نەخۆشخانە و قوتابخانە دروست بکات، بەڵام لەجێی ئەوان کۆمپانیای نالیا، رادیۆ و تەلەڤزێونی حزبیی دروست کردووە، لەگەڵ دانانی تەواوی زەویی گوندەکە لە ڕەھنی وەرگرتنی ملیۆنان دۆلار لە حکوومەت بە قەرز، بە واژۆی بەرھەم ساڵح، کە ئەوکات سەرۆکی حکوومەت بووە، تاوەکوو ئێستاش ھیچ بڕە پارەیەکی لە قەرزەکە نەداوەتەوە، کە ئەوەش لە یەک دۆسێدا بۆ شاسوار عەبدلواحید و بەرھەم ساڵح، بە ھاوئاھەنگیی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا لە یەکێتی و گۆڕان ڕێک خراوە.
جگە لەوەش خاوەن پشکەکانی(چاڤی لاند)، کە ژمارەیان ١٠ ھەزار خاوەن پشک دەبێت، کە ھەر پشکێکیان بە یەک ملیۆن دینار کڕیوە، کە (چاڤی لاند) یەکێکە لە پڕۆژە گەشتیارییەکانی کۆمپانیای نالیا کە خاوەنەکەی شاسوار عەبدولواحیدە، لە ماوەی رابردوو نزیکەی ٣٠٠ سکاڵایان لە دادگاکانی سلێمانی لەبەرامبەر بە پێنەدانی قازانجی پشکەکانیان لەسەر تۆمار کراوە، ھاوکات کۆمپانیاکە کە بڕی ٤٣ ملیار دینار، کە لە کابینەی شەشەوە لە حکوومەتی قەرز کردووە، کە سوودی ١٦ ملیار دیناری ھاتووەتە سەر، بەڵام ھیچ بڕە پارەیەک نە قەرزەکە و نە سوودەکەی سەری، نەدراونەتەوە بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە بەرامبەر بە وەرگرتنی ئەو قەرزەش کۆمپانیای نالیا گوندی ئەڵمانیی بۆ وەرگرتنی ئەو قەرزە لە رەھن داناوە، کە حکوومەت دەتوانێ بەپێی یاسا دەست بەسەر یەکەکانیدا بگرێت.
جگە لەوانەش بەپێی راپۆرتی چاودێریی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتی ساڵانەی دیوان، پوختەی بەدواداچوون و پاکتاوکردنی راپۆرتەکانی چاودێریی ساڵانی (٢٠١٣ـ ٢٠١٤) کە کۆپییەکی راپۆرتەکە دەست (باس) کەوتووە، کۆمپانیای نالیا بەبێ یەکلابوونەوەی دۆسیەی سووتانی تەلەڤزیۆنی (نالیا)، وەکوو پێشینە بە دەستەبەری بانک لە مانگی ٢ی ٢٠١٣، بڕی ٣ ملیار و ٦٠٣ ملیۆن و ٧٥٠ ھەزار دیناری وەکوو قەرز لە کابینەی شەشەمی حکوومەت، کە ئەوکات ھەر د. بەرھەم ساڵح، سەرۆکی حکوومەت بووە، پێی دراوە، بەڵام دواتر کۆمپانیای نالیا کەیسەکەی لە دادگا نەبردووەتەوە و تا ئێستاش ئەو بڕە پارەیەی نەگەڕاندووەتەوە.
جگە لەوەش بەپێی زانیاریی ئەو سەرچاوەیە، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی یەکێتی، دەیانەوێ کار لەسەر ئەوە بکەن کە ھەر موڵک و ماڵ و پارە و پوولێکی یەکێتی کە لەلای بەرھەم ساڵح بێت، لە رێگەی دادگاکانەوە وەربگرنەوە و یەکێتییش دەیەوێ ھاوبەشیی ناوبراو لە پرۆژە و بزنسەکانی ئیدارەی گشتیی یەکێتی ھەڵبوەشێننەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، تا ئێستا بەرھەم ساڵح بە ناراستەخۆ بەرژەوەندیی بازرگانیی لەناو یەکێتیدا ھەیە و بەشی لە کۆمپانیای (ق)ی سەر بە ئیدارەی گشتی ھەیە، کە ھەر ئەو کۆمپانیایە مانگانە چەندین ملیۆن دۆلار بۆ بەرژەوەندییە مادیی و میدیایی و سیاسییەکانی بەرھەم ساڵح تەرخان دەکات.
غالب محەمەد، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆ (باس) رای گەیاند، بە گوتەی ئەو کەس و کۆمپانیایانەی کە شاسوار عەبدولواحید بەشی خواردوون، کاتی خۆی ئەوان سکاڵایان لەسەر تۆمار کردووە، بەڵام بەھۆی ئەوەی بەرپرسی گەورەی لەپشت بووە، نەتوانراوە سزا بدرێت و بەشەکانی خۆیان دەست کەوێتەوە، گوتی: “ئێمەش ئەوکات لیژنەیەکمان دروست کرد لەسەر خواردنی پشکەکانی خەڵک لە چاڤی لاند، کە دوو ساڵ پێش ئێستا بوو، کاری تێدا کرا و گەیەنرایە داواکاری گشتی، بەڵام ئیتر نازانرێ چی کرا“.
ئەو ئەندامەی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەش دا، ھەر کەس ئازادە کە قەوارەی سیاسی دروست دەکات، بەڵام ئازاد نییە لەوەی کە مافی خەڵکی بخوات، گوتی: ”قسەکردنی ئێمە لە ئێستا نییە لەسەر ئەو کارانەی کە بە گەندەڵی کراوە، پێشتریش ھەر قسەمان ھەبووە، قسەکردنی ئەو قەوارە نوێیانەش کار ناکاتە سەر کورسییەکانی گۆڕان، چونکە گۆڕان حزبێکی مەدەنییە و ھەر بە دووەم لیست و حزبی کوردستان دوای پارتی دەمێنێتەوە“.
لای خۆشیانەوە، ئازاد محەمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (باس) رای گەیاند، ھەر بابەتێک پەیوەندیی بە کاری خزمەتگوزاریی گشتییەوە ھەبێت گوێ بە کەسەکان و قەوارەکان نادەن و سکاڵاکان دەگەیەننە داواکاری گشتی، پێشتریش لەسەر پڕۆژەی چاڤی لاند و خواردنی پشکەکانی خەڵکی ئەوەیان کردووە، گوتیشی: ” لەناو ئەنجومەندا کاری سیاسی ناکەین، بەڵام کە کادیری یەکێتین، بەپێی پێویست وەڵامی ھێرشی ئەو لایەن و قەوارە نوێیانە دەدەینەوە کە دەیانەوێ لەسەر گیانی یەکێتی و دژایەتیکردنی گەشە بکەن و خەڵکی لە خۆیان کۆ بکەنەوە“.
بەڵام، سلێمان عەبدوڵا یونس، بەرپرسی دامەزراوەی ھاوپەیمانی، بۆ (باس) ئەو زانیارییانەی لەسەر د. بەرھەم ساڵح رەت کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە دکتۆر بەرھەم دوور و نزیک ھیچ پەیوەندی و بەرژەوەندییەکی مادیی لەگەڵ کۆمپانیاکانی (ق) نییە، گوتیشی: «ھەرگیز نە پشکی ھەبووە نە ھیچ جۆرە داھاتیکی لە کۆمپانیاکانی (ق) لەژێر ھیچ ناونیشانێکدا وەرگرتووە، پڕۆژە گەورەکانی کۆمپانیاکانی (ق) لەسەردەمی حوکمڕانیی کابینەی د بەرھەم نەبووە».
ئەو بەرپرسەی ھاوپەیمانی، ئەوەشی خستە ڕوو کە ڕاستییەکی ئاشکراشە، کە کۆمپانیاکانی (ق) لەنزیکەوە دۆستی جەنابی مام جەلال و بەشێکی زۆر لە سەرکردایەتیی یەکێتی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوون.
باسنیوز
