كورد لە كەركووك بەبێ پێشمەرگە و ئاڵای كوردستان بانگەشە دەكات

 كورد لە كەركووك بەبێ پێشمەرگە و ئاڵای كوردستان بانگەشە دەكات
كەمتر لە هەفتەیەك ماوە بۆ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەڵام ئەوە یەكەمین جارە كورد لە هەڵبژاردنی پارێزگای كەركووك بترسێ. چونكە ئەو حیزبە كوردستانییانەی بەشداریی هەڵبژاردنیان لەو پارێزگایە كردووە، دڵنیان لەوەی دەستكراوە نین لەو كێبڕكێیەدا. ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێ: تاوەكو ئێستا شیعە لە كەركووك یەك كورسییان لە هیچ هەڵبژاردنێكدا نەهێناوە، ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە كورسی بهێنن، ئەوە مانای وایە ساختەكاری كراوە.

دوو سەرۆك لیستی كوردی پێش بانگەشە گۆڕدران


تاوەكو هەفتەی رابردووش محەممەد عوسمان، سەرۆكی لیستی یەكێتی بوو لە كەركووك، بەڵام دەستی لەكار كێشایەوە و لە جێگای ئەو رێبوار تەها دانرا. محەممەد عوسمان هیچ لە بارەی هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی ئاشكرا ناكات و دەڵێت بە ویستی خۆی دەستی لەكار كێشاوەتەوە، بەڵام نایشارێتەوە مانگی بانگەشەی هەڵبژاردن لە كەركووك بۆ كورد ئێجگار قورس دەبێت، بەو پێیەی پارتی بایكۆتی كردووە و هەماهەنگیی نێوان حیزبە كوردستانییەكان لەو شارە وەك جاران نییە و كوردیش بە پەرتەوازەیی دەچێتە نێو هەڵبژاردنەكەوە. بەڵام لە هەمووی قورستر بەلای ئەو بەرپرسەی یەكێتییەوە نەبوونی پێشمەرگە و ئاڵای كوردستانە لەو پارێزگایە "كورد لە كەركووك، واتە پێشمەرگە و ئاڵای كوردستان، ئەم دوو شتەت نییە و دەبێ وا لە خەڵكیش بكەی دەنگت پێبدەن."

حیزبەكان هەریەكە و لای خۆیەوە هۆشداریی دەدەن لەو رەوشە ناهەموارەی كەركووك پێیدا تێدەپەڕێ، كەچی هێشتا ئەم هۆشداریدانە نەبووەتە هۆی ئەوەی هەڵوێستێكی هاوبەشی كوردستانی بێنێتە ئاراوە. بە جۆرێك كورد لەو شارە كە زۆرینەی دانیشتووانەكەی كوردن، ناتوانێ و رێگای پێنادرێ ئاڵا و دروشمە نەتەوەییەكانی پێشانی دەنگدەرانی بدات و بیانجوڵێنێ بۆ نێو ململانێی دەنگدان كە هاوكات پرۆسەكە و ئەنجامەكەی جارێكی دیكە وەك جۆرێك لە دیاریكردنەوەی رێژەی نەتەوەكان و پێكهاتەكەی دەخوێنرێتەوە.

ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، دەڵێ كورد لەو مانگەدا كە بانگەشە دەكات، ئەوەی لەبەرچاوە كە عەرەبی سوننە و شیعە و توركمانەكان كێشەی بۆ دروست دەكەن و بواری بانگەشەی لیستە كوردستانییەكان بەرتەسك دەكەنەوە "ئەگەر پێشمەرگە نەگەڕێتەوە، نەك تەنیا بانگەشەی هەڵبژاردن، بگرە لیستە كوردییەكان لە رۆژی دەنگداندا هەر رێگەیان پێنادرێ لە هەندێك شوێن چاودێر لە بنكەكانی دەنگدان دابنێن، لە ناوچە عەرەبنشینەكان و داقوق و دوبز و حەویجە زۆر ئەستەمە كورد بتوانێ چاودێر دابنێ".

پەرلەمانتارێكی كورد: ئەگەر لە كەركووك شەش كورسی بهێنین مانای وایە نەشكاوین


ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێ هەر لە ئێستاوە هەڕەشە و فشارەكان دەستیان پێكردووە و لیستە كوردستانییەكان ئازادییان نییە و ئەوەش كاریگەریی دەبێ لەسەر دەنگدەری كورد " شوێنێكی وەكو حەویجە كە بایۆمەتریی نەكراوە و ژمارەیەكی زۆر دەنگدەری لێیە و كورد ناتوانێ لەوێ بانگەشە بكات و چاودێر دابنێ، یەكێكە لە كێشەكانی بەردەم ئەم هەڵبژاردنە لە كەركووك".

هەریەكە لە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، لیستێكی هاوبەشیان بۆ ئەو پارێزگایە دروستكرد، یوسف محەممەد، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان كرایە سەرۆكی لیستەكە. بەڵام لە چەند رۆژی رابردووشدا د.یوسف دەستی لە سەرۆكایەتی لیستەكە كێشایەوە و د.بەرهەم ساڵح لە جێگای كرایە سەرۆكی لیست.

وریا محەممەد، بەرپرسی هەڵبژاردنەكانی گۆڕان لە كەركووك، رەتیدەكاتەوە كێشەیەكی نێوخۆیی هەبووبێ لەو ئاڵوگۆڕەدا و دەڵێ، سەرەتا د.یوسف لەسەر داوای هاوپەیمانی و كۆمەڵی ئیسلامی ئەو بەرپرسیارێتییەی وەرگرت "بەڵام ئەو ئەركی سەرۆكایەتی لیستی گۆڕانی پێدرا لە پارێزگای سلێمانی، بۆیە داوا لە د.بەرهەم ساڵح كرا ببێتە سەرۆكی لیستەكە".

بەڵام بەرپرسێكی ئاگادار لە پارێزگای كەركووك لەبارەی هۆكاری ئەو گۆڕانكارییە بە (رووداو)ی گوت كە پەیوەندی بەوەوە هەبووە "زۆربەی دەنگدەرانی كورد لە كەركووك یەكێتین و بەرهەم ساڵحیش بەو پێیەی ساڵانێك جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بووە، بۆ كەركووك و نێو دەنگدەری یەكێتی، ئەو بە گونجاوتر دەزانرا تاوەكو لیستەكە دەنگ بهێنێ"، سەرچاوەكە گوتیشی "گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامیش لە دۆخەكە تێگەیشتوون، بۆیە ئەو گۆڕانكارییەیان بە ئاسایی وەرگرت".

ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگا: ئەگەر شیعە لە كەركووك كورسی بهێنن، واتە ساختەكاریی زۆر كراوە


وریا محەممەد، رەتیدەكاتەوە لە كەركوك رێگری هەبێ لە بانگەشەی كورد و دەڵێ ئەوان رۆژی شەممەی رابردوو كۆڕێكیان هەبووە و كەس رێگری لێ نەكردوون "بەپێی یاساكانی كۆمیسیۆن و بەپێی دەستوور بانگەشەی خۆمان دەكەین و مۆڵەتیش لە كەس وەرناگرین". محەممەد عوسمان لە وەڵامی ئەوەدا دەڵێ، كۆڕ و كۆبوونەوە و سیمینار كە لە هۆڵێكدایە، رێگریی لێناكرێ "بەڵام تۆ ئازادیی 2014ت نییە لەم شارە".

پارێزگای كەركووك 12 كورسی هەیە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، لە هەڵبژاردنی 2014دا كورد 8 كورسیی پارێزگاكەی بەدەستهێنا، بەڵام ئەوە كاتێك بوو كە كورد خۆی بڕیاردەری شارەكە بوو. ئێستا كەس ناتوانێ پێشبینییەكی دروست بۆ دەنگەكانی كورد بكات.

هەرچەندە بەگوێرەی هەندێ پێشبینی كورد لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان 10 كورسی لەدەستدەدات، بەڵام محەممەد عوسمان پێیوایە ئەگەر كورد 8 كورسییەكەی خۆی بهێنێتەوە، مانای وایە هیچ كێشەیەك نییە "ئەگەر شەش كورسیش بهێنین، هێشتا مانای وایە كورد نەشكاوە".

دەبێ زۆربەی پرسیارەكان هەڵبگیرێن بۆ 12ی ئایاری داهاتوو، ئەوكاتەی دەنگەكان دەژمێردرێن، بەڵام ئەندامێكی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، وای دەبینێ كە خەڵكی كەركووك هەستی نەتەوایەتییان بەهێزە و دەبێ لیستەكان باسی نەتەوە و حكومەتی كوردستان و ئاڵای كوردستان و داهاتووی كوردیان بۆ بكەن "بەڵام ئایا كەس دەتوانێ باسی ئەو شتانەیان بۆ بكات؟ كەسایەتیی كورد لە كەركووك شكاوە و دەبێ جارێكی دیكە هەستێتەوە، بۆچی شیعە ئاڵای مەزهەبی هەڵدەدات، بەڵام كورد ناتوانێ ئاڵای خۆی هەڵبدات".

كامەران محەممەد گوتیشی: "لە هیچ هەڵبژاردنێكی كەركووكدا شیعە دەنگیان نەهێناوە، ئەگەر ئەمجارە كورسییەكیان هێنا یان دەنگی زۆریان هێنا، مانای وایە هەڵبژاردنەكە پڕ بووە لە ساختەكاری".



رووداو
Top