محەممەد كەمال: داعش مەترسی دروست كردووە.. ئایدن مەعرووف: ٣٥ بەرپرسی توركمان كوژراون
محەممەد كەمال، سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، داعش مەترسی لەسەر شاری كەركووك و ناوچەكە دروست كردووە، چونكە كاتی خۆی حكوومەتی عێراق تەنیا لە جادەی قیڕ پێشڕەوی كرد و نەچووە نێو سنوورەكە، چەكدارانی داعشیش لە گوندەكانی سنووری حەویجە و دەوروبەری كەركووك خۆیان مەڵاس دابوو، بە داخەوە حەشد و ھێزە عێراقییەكان تەنیا توانیویانە نێو شار كۆنتڕۆڵ بكەن و باقی ناوچەكانی دیكەی دەوروبەر وەك خۆی داعشی تێدا ماوە".
محەممەد كەمال گوتی: "تەنیا دوێنێ و ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش زنجیرەیەك ھێرشی بەرفراوانیان كردووەتە سەر پۆلیسی فیدڕاڵی و حەشد و ھێزەكانی سوپای عێراق، لەبەر ئەوە رەوشەكە زۆر ئاڵۆزە و ئەگەری ئەوە ھەیە مەترسیی زیاتر لەسەر كەركووك دروست ببێت، دەریشكەوت ئەو ھێزانە ناتوانن بەرگری بكەن و داعش لەو سنوورە وەدەر بنێن".
لە لایەكی دیكەوە، ئایدن مەعرووف، سەرۆكی فڕاكسیۆنی بەرەی توركومانی لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە لەگەڵ ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووكین بەوەی بۆچوونی شەقامی توركمانیش بە ھەند وەربگیرێت لە كەركووك، ئێمە لە رووداوەكانی رابردوودا لە كەركووك لایەنگر نەبووین دژی ئاڵای كوردستان و ریفڕاندۆم، بەڵام بەداخەوە توركمان بووە ئامانج لەو ناوچانە، دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، نزیكەی ٣٥كەس لە بەرپرس و ئەندامانی توركمان لە شاری كەركووك كوژراون، ئێمە حكوومەتی عێراق و دەستەڵاتدارانی كەركووك بە بەرپرسیار دەزانین بەرامبەر ئەو رووداوانە".
سەرۆكی فڕاكسیۆنی بەرەی توركمانی دهشڵێ: "ئێمە لەگەڵ پێكەوەژیانین لە كەركووك و ئەو ناوچانەدا، ئەگەر قسەیەكیش دەكرێت كە دەگوترێ توركمانەكان دژی ھێزی پێشمەرگەن، راست نییە و ئێمە دژی ھێزی پێشمەرگە نین لە كەركووك، ئهوهتا ھاوشێوەی گەلی كورد، پڕۆسەی بەعەرەبكردن ناوچە توركماننشینەكانیشی گرتووەتەوە، ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین گۆڕانكاری جیۆگرافی لەو سنوورە بكرێت ھەتا بەرامبەر كوردیش، چونكە هەروەك چۆن دژی سڕینەوەی ناسنامەی توركمانین، بە ھەمان شێوەیش دژی سڕینەوەی ناسنامەی كوردین".
kdp -
