خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر زۆرینەی کوردانی خورماتووی لە هەڵبژاردن بێهیوا کردووە
فەرمان عەبدولڵا، بەرپرسی لقی خورماتووی یەکگرتووی ئیسلامی، ڕایگەیاند: ”وابڕیارە چەند ڕۆژێکی دیکە بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت، بەڵام ئێمە چاوەڕێی ئەوە ناکەین، ھیچ گرژی و ئاڵۆزییەکی لاوەکی ڕووبدات، چونکە ئێستا ھێزێکی عێراق ھاتووەتە ناوچەکە ھەوڵی ئەوە دەدات، لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکاندا بارودۆخی ناوچەکە کۆنتڕۆڵ بکات“.
ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو، ئەوەشی خستە روو کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لەگەڵ سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە خورماتوو کۆبوونەتەوە، بۆ ئەوەی لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکاندا بانگەشەیەکی دیموکراسییانە بکەن، ھەروەھا ھیچ لایەنێکی سیاسی، ڕابردووی یەکتری ھەڵنەداتەوە، چونکە ئەم بارودۆخەی ئێستا پێویستی بە یەکڕیزیی پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە.
حەختی لەوەش کردەوە، کە بەھۆی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، خەڵکی دەڤەری خورماتوو لە پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان نیگەرانن، بۆیە بەشێکی ھاووڵاتییانی ناوچەکە بایکۆتی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن، دەشڵێت: ”بەڵام ئێمە تەمەنای ئەوە دەکەین، پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، خەڵکی ئەو ناوچانە ئاشت بکەنەوە، بۆ ئەوەی ھاووڵاتییانی ناوچەکە بەشداری ھەڵبژاردن بکەن و پێگەی کورد بەھێز بکەن“.
فەرمان عەبدولڵا بەرپرسی لقی خورماتووی یەکگرتووی ئیسلامی، گوتیشی: ”ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر خەڵکی خورماتووی تووشی شۆک کردووە، چونکە جارێکی دیکە ھاوشێوەی ساڵانی ھەشتاکان خەڵکی ئەو ناوچەیە ئاوارە و دەربەدەر بوونەوە، بێگومان باشتر وایە حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەھاوبەشی پارت و لایەنە سیاسییەکان کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان چارەسەر بکەن“.
ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، کەرکووک و خورماتوو و ناوچەکانی دیکە کەوتنە ژێر دەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق، دواتر کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێڕی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شێخ جەعفەر، فەرماندەی یەکەی ٧٠ی هێزی پێشمەرگەی یەکێتی و نەجمەدین کەریم کە ئەوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بوو، ئەوەیان ئاشکرا کرد کە گرووپێکی نێوخۆی یەکێتی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەریان ئەنجام داوە. دواتریش لە میانی وەڵامدانەوەی نامەیەکی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، کەسی یەکەمی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی، کۆسرەت ڕەسوڵ باسی لەوە کرد کە بنەماڵەی تاڵەبانی و ئەو باڵەی یەکێتی، ”بە ڕێککەوتنیان لەگەڵ ئەملا و ئەولا، ئیحراجییەکی گەورەیان بۆ یەکێتی دروست کردووە“.
باسنیوز
