زانیاری نوێ لەبارەی چاککردنی مووچەی کەمئەندامان دەخرێتەڕوو
دلێر ڕەفیق، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی ژین، لەبارەی تەواوبوونی پشکنینی کەم ئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەتەوە، ڕایگەیاند: ”پەیوەندیم بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە کردووە و پێیان گوتووم تاڕادەیەک کۆتایی بە پشکنینی کەمئەندامان هاتووە، بەڵام لەسنووری گەرمیان ژمارەیەک کەمئەندام ماوە بۆ ئەوەی پشکنینیان بۆ بکرێت، ژمارەیەک کەسیش لە دەرەوەی وڵاتن و پشکنیان بۆ نەکراوە و ژمارەیەکی دیکەش نەهاتوون بۆ پشکنین“.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی ژین، ئەوەشی خستە روو، کە ئەوانەی مووچەشیان بڕاوە، ئەوە نییە کە لە پشکنین دەرنەچوون، بەڵکو هەتا ئێستا ئەوە جێبەجێ نەکراوە، کە بڵێن ڕێژەی 50% یاخود 60%یان بۆ هەژمار دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی 65% بەرەو سەرەوە، بۆ ئەو کەمئەندامانەن کە لە لێژنەی پزیشکی دەردەچن و مووچەی خۆیان وەردەگرن.
ئاشکراشی کرد، کە هەندێک مامەڵەی کەمئەندامان لە نێوان وەزارەتی تەندروستی و کاروکاروباری کۆمەڵایەتیدا ون بووە و ئەوەش بووە بە کێشە، بۆیە ئەو مامەڵانەی وەستاون هەمووی لای وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتییە، دەشڵێت: ”تائێستا 7 هەزار کەمئەندام لە سنووری هەولێر مامەڵەی کەمئەندامیان کردووە، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە داراییەوە داخلی سیستەم نەکراون، حالیەن 80 هەزار کەمئەندام لەسەرانسەری کوردستان هەیە“.
دلێر ڕەفیق، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی ژین، گوتیشی: ”بەپێی قسەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، چاکسازیی لە سیستەمی پاشەکەوت تۆڕی کۆمەڵایەتیش دەگرێتەوە، واتە مووچەی ئەو کەمئەندامانەی کاریان نییە دەبێتە ١٥٠ هەزار، ئەوانەشی کاریان هەیە دەبێت بە ١٠٠ هەزار“.
باسنیوز
