بەرپرسێکی یەکێتی: چەند سەرکردەیەکی سپڵەی ناو یەکێتی دەیانەوێ بڕۆنە پاڵ بەرھەم ساڵح
ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی ھەڵەبجەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند، ھەندێک سەرکردەی یەکێتی خۆیان یەکلا نەکردووەتەوە “ئێمەش دەزانین کە ئەوانە دەیانەوێت بڕۆنە ناو قەوارەکەی بەرھەم ساڵح، بەڵام دیارە ئەو کەسانە لەناوی یەکێتی تێریان خواردووە و دەیانەوێ لەناو قەوارەکەی بەرھەم ساڵح زیاتر بخۆن”.
ئەو بەرپرسەی یەکێتی بەتوندی هێرشی کردە سەر ئەو سەرکردانەی حزبەکەی کە دەیانەوێ بچنە پاڵ بەرهەم ساڵحەوە و ڕای گەیاند: “ئەوانەی ئێستا لەناوی یەکێتی پۆستیان ھەیە و دەیانەوێ بڕۆنە ناو قەوارەکەی بەرھەم ساڵح، نمەک حەرام نین، بەڵکو سپڵەن، چونکە یەکێتی زۆر شتی بۆ ئەوانە کردووە، بەڵام ھیچ وەفایەکیان بۆ یەکێتی نەبووە”.
ئەحمەد قەدەفەری پێیوایە، ئەگەر ئەو کەسانە لەناو یەکێتی بڕۆن، ئەوا حزبەکەیان “دەبێتەوە بە حزبەکەی جاران، چونکە ئەوانەی لەناو یەکێتیی بۆ دوو شوێن ئیش دەکەن، ئەگەر لەو حزبە بڕۆن، بۆ یەکێتیی باشترە”.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە هێشتا ناوەندی بڕیار لەنێو یەکێتیدا کێشەی هەیە و گوتی: “تائێستا کەسە بڕیاربەدەستەکانی ناو یەکێتی ناتوانن بڕیار دەربکەن، ئەگەر بڕیاریان بۆ ئەو کەسانە دەربکردایە زۆر باش دەبوو، بەڵام باشتر وایە ئەو سەرکردانەی یەکێتی بزانن لەدوای ھەڵبژاردنەکان، بەرھەم ساڵح ئەوانی بەدینارێک ناوێت، چونکە بەرھەم ساڵح نە پێشمەرگەی دێرین و کەسوکاری شەھید و نە خەڵکی لادێی دەوێت، بێگومان بەرھەم ساڵح، کەسانێکی دەوێت کە نەتوانێت بەرامبەری قسە بکات”. ڕوونیشی کردەوە: “پێشمەرگەی دێرین دەڵێ، من خاوەنی خەباتم تۆ خەباتت نەکردووە، کەسوکاری شەھید دەڵێت، من کەسوکارم شەھید بووە و تۆ ھیچ کەسێکت شەھید نەبووە، بێگومان خەڵکی لادێشی ناوێ، چونکە خەڵکی لادێ بەھیچ نازانێت”.
پێشتر عەدنانی حەمەی مینا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕایگەیاندبوو کە نەچووەتە نێو قەوارەکەی بەرهەم ساڵحەوە و ئەو دەنگۆیانەی لەمبارەیەوە بڵاوکراونەتەوە، ڕاست نین.
باسنیوز
