یەپەگە بنکەیەکی سەربازیی سوپای تورکیای تەقاندەوە

 یەپەگە بنکەیەکی سەربازیی سوپای تورکیای تەقاندەوە
شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بنکەیەکی سەربازیی سوپای تورکیا لە شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان، دەتەقێننەوە.



بەپێی هەواڵی میدیاکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، کە درەنگانی شەوی هەینی 6/4/2018 بڵاو کراوەتەوە، ئەو بنکە سەربازییە، لە شەقامی ڤێلات لە سەنتەری شاری عەفرین کرابووەوە و شەڕڤانانی یەپەگە تەقاندییانەوە.


ئەو میدیایانە ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ناوەندی راگەیاندنی یەپەگە رایگەیاندووە، لە ئەنجامی ”ئەو چالاکییە“، کە دیارینەکراوە هێرش بووە یان بۆمب تەقاندنەوە، چوار سەربازی تورکیا کوژراون و دووی دیکەش بریندار بوون.



پێشتر دوای نزیکەی دوو مانگ لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی (چڵە زەیتون)، کە لەو ئۆپەراسیۆنەدا سوپای تورکیا لەگەڵ گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرشیان کردە سەر عەفرین، لە رۆژی 18/3/2018 رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی دەستیان بەسەر عەفریندا گرت.
Top