پێشبینی دەکرێ پێش هەڵبژاردن بەغدا بڕە پارەیەکی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت
لەمبارەوە نەجیبە نەجیب، ئەندامی لێژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی ناردنی ٣١٧ ملیار دینارەکەی حکوومەتی عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان لە ئەم مانگەدا، ڕایگەیاند: "ھیچ زانیارییەکی ورد لەبارەی ناردنی ئەو ٣١٧ میلیار دینارە بۆ ھەرێمی کوردستان لەبەردەستدا نییە، بەڵام ئاماژەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و حکوومەتیش بەو ئاراستەیەدان، کە عێراق لە ناردنی ئەو پارەیە بەردەوام دەبێت، پێشبینیش دەکەم پێش ھەڵبژاردن ئەو بڕە پارەیە بنێرێت، چونکە ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق باشتر بوون".
ئەو ئەندام پەرلەمانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستە ڕوو: "دوای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ناردنی ئەو ٣١٧ ملیار دینارە بۆ ھەرێمی کوردستان، دەکەوێتە سەر ئەو سەرۆک وەزیر و حکوومەتەی کە ھەڵدەبژێردرێت".
ئەو پەرلەمانتارەی سەر بە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاشکراشی کرد: "لەبەر ئەوەی عێراق بەپێی دەستوور و یاسا مامەڵە ناکات، بۆیە بڕیارەکان دەکەوێنە دەستی یەک کەس، کە ئەویش سەرۆک وەزیرانە و بەپێی بەرژەوەندی مامەڵە دەکات".
پاش ئەوەی پێش جەژنی نەورۆز، حکوومەتی عێراق بڕی ٣١٧ ملیار دیناری ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابەشکردنی مووچەی دەست پێ کرد و خشتەی پاشەکەوتکردنی مووچەی فەرمانبەرانیشی دەستکاری کرد.
باسنیوز
