وەفدێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

 وەفدێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات
بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، وەفدێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شایستە داراییەکانی جووتیارانی پارێزگای هەولێر سەردانی بەغدا بکات.

دوێنێ پێنجشەممە 2018/4/5، نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی بارزگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند: "تا ئێستا حکوومەتی عێراق بڕی ئەو 41 ملیار دینارەی شایستە داراییەکانی جووتیارانی پارێزگای هەولێری بۆ ساڵی 2016 و 2017 خەرج نەکردووە، کە پێشتر بڕیاری خەرجکردنی دابوو".

بەڕێوەبەری گشتی بارزگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی گوتیشی: "یەکشەممەی داهاتوو وەفدێکی باڵای بانکی کوردستان سەردانی بەغدا دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە".

ئەوەشی خستووەتە ڕوو، دواکەوتنی شایستە داراییەکانی جووتیاران کاریگەری لەسەر کارکردن و بارودۆخی ژیانی جووتیاران دەبێت.

لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، حکوومەتی عێراق بڕی 20 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی سلێمانی و 40 ملیاری پارەی جووتیارانی دهۆك بۆ هەردوو ساڵی 2016 و 2017 رەوانەی هەرێمی كوردستان کرد و بەسەر جووتیاران دابەش كرا، بەڵام تاکو ئێستا بڕی ئەو 41 ملیار دینارەی شایستە داراییەکانی جووتیارانی پارێزگای هەولێر بۆ ساڵی 2016 و 2017 خەرج نەکردووە.

دوێنێش لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە پرسەی دلۆڤان ئیدریس بارزانیدا، مەهدی عەلاق، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بە ڕۆژنامەنووسانی راگەیاند، پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان هەولێر و بەغدا لە گەشەسەندندان و لە سەرجەم بوارەکاندا بەرهەمیان هەیە.

هاوکات ئاماژەشی بەوە کرد کە لە بارەی دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان و کێشەکانی دیکەشەوە، گفتوگۆکان بەردەوامن، ”بۆ ئەوەی بە ئەنجامی باش بگەین“.









باسنيوز
Top