حکوومەتی هەرێمی کوردستان رۆژێک پشوو رادەگەیەنێت
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەت، سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، رۆژی دووشەممە 9/4/2018 پشووی فەرمییە لە هەرێمی کوردستان.
پشووی رۆژی 9/4/2018 بەبۆنەی یادی 15مین ساڵەی رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراقە، کە لە ئەنجامی هێرشی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، لە 9/4/2003 ئەو رژێمە رووخێندرا.
سەفین دزەیی هۆشداریش دەدا لەوەی رۆژی یەکشەممە 8/4/2018، کە دەکەوێتە نێوان رۆژی شەممە (پشووی ئاسایی) و رۆژی پشووی ساڵیادی رووخاندنی رژێمی بەعس، پشوو نییە و دەوامی ئاسایی هەیە.
رژێمی بەعس، بە درێژایی حوکمڕانیی خۆی لە عێراق، ستەمێکی زۆری بەرامبەر گەلی کوردستان ئەنجام دا، بەشێوەیەک تاوانەکانی گەیشتە ئاستی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ئەنفالکردنی گەلی کوردستان.
باسنيوز
