بەهۆی جیابوونەوەی باڵێکیەوە دەنگەکانی کۆمەڵی ئیسلامی کەم دەکات
سۆران سێوکانی، چاودێری سیاسی و توێژەر لە بواری ئیسلامی سیاسی، ڕاگەیاند: عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی، پەرلەمان و دیموکراسی بە کوفر زانیوە، بەڵام ئێستا خۆی و حزبەکەی شەڕی پەرلەمان دەکەن، ھەرچەندە من باوەڕم بە گۆڕینی فکری ئیسلامی نییە، بەڵام بەرژەوەندیی سیاسی وا دەکات، ئەو کەسانە بەناوی ئایینەوە ھەندێک تەسەڕوفات بکەن".
ئەو چاودێرە سیاسییە ڕوونیشی کردەوە: "ھەموو پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و بەتایبەتی لایەنە ئیسلامییەکان، ئایین بۆ مەرامی سیاسیی خۆیان بەکار دەھێنن، بۆیە لیستی ھاوبەشی یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی، جۆرێکە لە سیاسەتکردن بەناوی ئایینەوە، بێگومان عەلی باپیر یەکێکە لەوانەی ئایین بۆ گەمەی سیاسی بەکار دەھێنێت".
بە بڕوای سێوکانی، جیابوونەوەی بەشێکی زۆری نەھزەکان لە کۆمەڵی ئیسلامی، ھۆکارێکە بۆ ئەوەی کۆمەڵ ئەمجارە دەنگەکانی پێشووی نەھێنێتەوە، ”بەتایبەتی لەناو شاری ھەولێر، دەنگەکانی کۆمەڵ بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەکات، چونکە قورسایی دەنگەکانی کۆمەڵ لەناو شاری ھەولێر بووە، نەوەکوو لە شارەکانی دیکەی کوردستان“. گوتیشی: ”نەھزە کۆنەکانی ناو کۆمەڵ، بەشێکی زۆریان لەو حزبە جیا بوونەتەوە، بۆیە لە بەرانبەردا دەنگی کۆمەڵ دادەبەزێت".
پێشتر (باسنیوز) بڵاوی کردەوە کە هەرچەندە باڵی نەهزەکان لە کۆمەڵی ئیسلامی جیابووەتەوە، بەڵام چوونەتە پاڵ هاوپەیمانێتییەکەی بەرهەم ساڵح کە ئەو هاوپەیمانییە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی هاوپەیمانێتییان هەیە.
باسنیوز
