لە سنووری پارێزگای سلێمانی چوار کەس بە تۆمەتی ڕاوکردنەوە دەستگیر دەکرێن
ئەمڕۆ سێشەممە 3/4/2018، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و ناردووە، تێیدا عەقید ھێمن کەمەرخان ئەفەندی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕای گەیاندووە: "لە ئەنجامی گەڕان و پشکنینی دەرپاچە و ڕووبارەکان لەلایەن مەفرەزەیەکی پۆلیسی دارستان و بنکەی وارماوا، سەر بە بەشی پۆلیسی دارستانی شارەزوور، توانییان چوار ڕاوچی لە دەریاچەکەدا دەستگیر بکەن، کە سەرقاڵی ڕاوکردنی ماسی بوون".
دەشڵێت: "ھاوکات توانرا دەست بگرن بەسەر زیاتر لە 17 ماسیی قەبارە جیاواز، لەگەڵ دوو سەوڵ و یەک ئۆتۆمبێل و چوار تۆڕی ماسی، دواتر سەرجەم دەستگیرکراو و دەستبەسەرداگیراوەکان ڕادەستی یاسا کران بۆ ئەوەی ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵیاندا ئەنجام بدرێت".
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەش کردووە، کە لەگەڵ ئەوەی ڕاوچییەکان ڕادەستی یاسا کران بۆ لێپێچینەوە، ھاوکات مەفرەزەکانیان بەردەوامیان دەبێت لەپێناو پارێزگاریکردن لە سروشت و ژینگەی کوردستان و دەستگیرکردنی سەرپێچیکاران.
باسنیوز
