ڕێبوار ھادی: ڕەنگە ڕووسیا وڵاتانی ڕۆژئاوا ناچار بە هەرێمی کوردستان بکات
بە حوکمی جوگرافیا و مێژووی دوورودرێژی گەلانی ناوچەکە، وەک مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی، ڕێبوار ھادی، دەڵێ، گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی ئێران و تورکیا، بێ کاریگەری نابن لەسەر کوردستانی عێراق، "بێگومان کاریگەری دەبێت، بەڵام ئەوەی گرینگە کوردستان نەبێتە بەشێک لە کێشەکانی ناوچەکە، بەڵکو پێویستە ھەمیشە وەک فاکتەری سەقامگیری لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە."
ئێستا ململانێیەکی توندی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییش دەربارەی دابەشکردنی میراتی شەڕی داعش لە نێوان زلھێزەکاندا ھەیە، بۆیە وەک ئەو مامۆستایەی زانکۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "گرینگە کورد تەماشاکار نەبێت، بەڵکو پێویستە جێی کورد لە دووبارەداڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکەدا دیار بێت، نەک وەک ۱٠٠ ساڵی ڕابردوو تەماشاکەر بین، بگرە پێویستە لە نێو ئەو گۆڕانکارییانەدا پێگەی کورد و ئەزموونە سیاسییەکەی پارێزراو بن."
ئەو گۆڕانکارییانەی لە ئایندەدا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکە ڕوو دەدەن، کاریگەریی گەورە لەسەر ھەرێمی کوردستان جێ دەھێڵێن، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە نەبینە بەشێک لە ململانێکانی ناوچەکە. ڕووسیا و ڕۆژئاوا بە گشتی پەیوەندییەکانیان بە بارێکی زۆر خراپدا تێدەپەرێت، بۆیە گرنگە ھەرێمی کوردستان بێلایەنیی خۆی لە کێشەکان بپارێزێت، ھەروەھا پیگەی سیاسی و ستراتیژیی کوردستان پاریزگاری لێ بکرێت. بەڵام کاریگەرییەکانی گۆڕانکارییەکان زیاتر لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان بەدی دەکرێت، وەک لە ھەرێمی کوردستان، لەوانەیە ڕووسیا بیر لە بڕینی گازی خۆی بۆ ڕۆژئاوا بکاتەوە. لەم حاڵەتەدا بە بیر و بۆچوونی ئەو مامۆستاییەی زانکۆ، "ئەگەر گرژییە دیپلۆماسییەکان بەردەوام بن، دور نییە ڕووسیا ھەنگاوێکی وا بھاوێژێت، لەم حاڵەتەدا دەکرێ ڕۆژئاوایییەکان بیر لە کڕینی گازی ھەرێمی کوردستان بکەنەوە. ئەمەش دەتوانێت یارمەتیی ھەرێمی کوردستان بدات بۆ ھەڵسانەوە لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، بەڵام کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت و ئەو ئەزموونەی کە ھەیە لە ڕۆژئاوا بەرەو لەناوچون دەچێت."
وێرای ئەوەی کە کورد ھەمیشە شەڕی جێبەجێکردنی دەستووری کردووە، ئەو مامۆستایەی زانکۆ جەخت لە بەردەوامیدان بە ئەو شەڕە دەکاتەوە و دەڵێت: "ئەو دەستوورە لەم قۆناغی سیاسی و ئابوورییەی کوردستاندا، دەتوانێت گەرەنتییەکی باش بێت بۆ کورد، تا ئەو کاتەی کوردستان لە عێراقدا دەمێنیتەوە، چونکە دەرکەوت جارێ ویژدانی جیھانی ناتوانێت قبووڵی سەربەخۆیی بکات بۆ گەلێکی ستەمدیدەی وەک کورد".
ھادی، بە پێویستیشی دەزانێ، ھەوڵەکان بەردەوام بن لەوەی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و حکوومەتی ھەرێم، بۆ جیھانی بسەلمێنن کە کوردستان دەیەوێ لە چوارچێوەی دەوڵەتیکی ڕاستەقینەی فیدراڵیدا بژیێت، پێویستە دەستوور تەرجەمەی واقیعی سیاسیی عێراق بکرێت و، "ئەم ھەموو شەڕەی کورد بۆ مافە دەستوورییەکانی کردوویەتی، پێویستی بە کۆدەنگی و یەکبوونێکی حەقیقیی سیاسیی کورد ھەیە، چونکە چەند بەرەی کورد لە بەغدا یەکگرتوو بێت، ئەوەندەی تر کوردستان باشتر دەتوانێت شەڕی مافەکانی بکات و بیانچەسپێنێت".
ئەو مامۆستایە باوەڕیشی وایە، کە گۆڕانکاریی ناوخۆیی، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر گۆڕدراوە دەرەکییەکان ھەیە و دەشڵێ: "دەتوانم بڵێم، تەواوکەری یەکدین، ئەو پێکھاتانەی عێراق لە نەخشەی سیاسیی داھاتووی وڵاتدا، وەک ئێستا نامێننەوە."
وەک ئەو ھێمای بۆ کرد، سوننە زیاتر پەرتوبڵاو بوونەتەوە لە ڕووی سیاسییەوە، جگە لەوەی نەبوونی مەرجەعییەتی سیاسیی یەکگرتووی سوننە، ئەوەندەی تر چارەنووسیانی لە ئایندەی عێراقدا نادیار کردووە، ئەمە جگە لەوەی شیعەش ماڵێکی لیکترازاوی سیاسییان ھەیە، بەڵام ئەوەی ئەوانی ھیشتووەتەوە، بەھێزبوونی مەرجەعە دینییەکەیە کە بە ئاسانی دەتوانێت یەکیان بخات، "یەکلا بووەتەوە لە عێراقدا شیعە زۆرینەی سیاسی پێک دەھێنێت، بۆیە ئەوەندە کێشەیان نییە لەو ڕووەوە، وەلێ ئەوەی گرینگە بگوترێت ئەوەیە، ئەمەریکا و ئێران نەخشەی سیاسیی داھاتووی عێراق دادەڕێژن و قسەی کۆتاییی خۆیان دەکەن".
kdp-
