فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا دەڤەری سیدەكانیان بۆردوومان كرد
لە سنووری سیدەكان زیاتر لە 115 گوند و لە سنووری شارۆچكەی مێرگەسۆریش 80 گوند لەبەر پەكەكە و توركیا چۆڵ كراون و هاووڵاتیان ناتوانن بگەڕێنەوە، هاووڵاتیانیش داوا دەكەن پەكەكە و توركیا ئەو ناوچانە بەجێ بهێڵن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر گوندەكانیان.
عەبدولڕەزاق ئەحمەد، موختاری گوندی بەرمیزە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ناوچەكانی گەلی كەورتە، خواكوڕك و موخاریان بۆردوومان كرد، ئەوەش بۆ جاری یەكەم نییە فرۆكە جەنگییەكانی توركیا ئەو ناوچانە بۆردوومان بكەن، ئەوەش ترس و دڵەڕاوكێی زۆری خستووەتە ناو هاووڵاتیانی ناوچەكە و داوا دەكەین هەرچی زووە پەكەكە ناوچەكە بەجێ بهێڵێ و توركیاش چی دیكە ناوچەكە بۆردوومان نەكات، بۆ ئەوەی ئێمەش وەكو خەڵكی دیكە بە ئاسوودەیی لەسەر گوندەكانمان بژین و دوور بین لە شەڕ و ئاژاوەی پەكەكە و توركیا."
گوتیشی: "ڕۆژانە توركیا ناوچەكانی ئێمە بۆردوومان دەكات، ئەوەش ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆری لای دانیشتووانی گوندەكە پەیدا كردووە، كەس ناتوانێت لە گوندەكە بچێتە دەرەوە، ئاوی خواردنەوەمان خراپ بووە لەبەر توركیا و پەكەكە و ناتوانین چاكی بكەینەوە و ڕەز و بیستانەكانی خۆمان بەرداوە، هەروەها ئێستا وەرزی بەهارە خەڵك بۆ كردنی گژ و گیای بەهارە ناتوانێت بچێتە ئەو ناوچانە، بۆیە داوا دەكەین هەرچیی زووە توركیا و پەكەكە شەڕی خۆیان لە گوندەكانی ئێمە ببەنە دەرەوە و هێزی پێشمەرگەش بێتە سنوورەكان و ناوچە سنوورییەكان بگرێت، ئەگەرنا ڕۆژ بۆ ڕۆژ ژیانمان خراپ دەبێت".
kdp-
