تۆنێلی زاخۆ بە ڕووی ھاووڵاتیاندا دەکرێتەوە

تۆنێلی زاخۆ بە ڕووی ھاووڵاتیاندا دەکرێتەوە
بەرپرسێکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە چەند ڕۆژی دابێ پڕۆژەی تۆنێلی زاخۆ بە ڕووی ھاووڵاتیاندا دەکرێتەوە و ھەر لەمساڵدا تۆنێلی پیرمامیش دەکرێتەوە و ١٦٠ پڕۆژەی دیکەش لە کاردان بۆ تەواوکردنیان.

زانا عوزێری، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کارکردن لە پڕۆژەی ھەردوو تۆنێلی پیرمام و زاخۆ بەردەوامە و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا تۆنێلی گەلی زاخۆ بە ڕووی ھاووڵاتیاندا بکرێتەوە و کۆتایی بە پڕۆژەکە دێت، ھەروەھا تۆنێلی پیرمام تەواو بووە و تەنیا کاری ھەواگۆڕکێ و ڕووناکی ماوە، ئەویش لە ئایندەیەکی نزیکدا تەواو دەبێت بەر لە ھاتنی ساڵی نوێ بە ڕووی ھاووڵاتیاندا دەکرێتەوە، ھەردوو پڕۆژەکە پڕۆژەی ستراتیژین و کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی ھاتوچۆی ھەرێمی کوردستان دەبێت."

زانا عوزێری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان ١٦٢ پڕۆژەی بەردەوام ھەیە و کاریان تێدا دەکرێت لە لایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، بەشێک لەو پڕۆژانە ڕێگاوبانن، لەوانەش ڕێگەی سحێلا لە لایەن بانکی نێودەوڵەتییەوە پارەی بۆ تەرخان کراوە، پڕۆژەکانیش بەسەر ھەموو پارێزگا و ناوچەکاندا دابەش کراون و ھیچ ناوچەیەک بێبەش نەکراوە."
kdp-
Top