پەرلەمانتارێکی کورد چەندان دەروازەی نایاسایی فڕۆکەخانەی بەغدا ئاشکرا دەکات
عادل نووری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕايگەیاند، یەکەم دۆسیە کە کاری لەسەر کردووە لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٤، لەبارەی ئەو فڕۆکەخانانەوە بووە ”چەکیان بە قاچاخ دەھێنا و لێرەشەوە بۆ داعش دەنێردران“، بۆیە ”من بابەتی فڕۆکەخانەکانم بە ھەند وەرگرت و ئەوەی فۆکسم خستە سەر فڕۆکەخانەی بەغدا، ساڵی ڕابردووش ١٠٠ تۆن دەرمانی ماوە بەسەرچوو و بێھۆشکەر لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەستی بەسەردا گیرا کە بەو ھۆیەوە چەندین کەس لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کرا، ھەروەھا چەندین کەس بەڕێ کران و ھەندێ کەسیش گیران".
ئەو ئەندامە کوردەی پەرلەمانی عێراق ڕوونی کردەوە، ماوەی دوو مانگە خەریکی دۆسیەیەکی گەندەڵین کە لە "ئامێر و سۆنەرەکان" و پەرژینی فڕۆکەخانەی بەغدا کراوە، چونکە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا جگە لە ڕێڕەوی سەرەکیی چوونە ژوورەوە و ھاتنە دەرەوە تێیدا، ”٥٢ فەتحە و کون و کەلەبەری دیکەی تێدایە“. گوتیشی: ”ئەو فڕۆکەخانەیە شوێنەکەی لە بەغداوە دوورە و ڕووی ڕۆژھەڵات و باشووری دارستان و دارخورماکانی ناوچەی ئەبوغرێب و ڕەزوانییە و دەشتی سەلاحەدین و ئەنبار و ئەو شوێنانەن کە پڕن لە داعش، بۆچی لە نێوان پەرژین و دیواری فڕۆکەخانەکان ڕێگەی نایاسایی ھەیە؟، لە کاتێک دەبێ تەنیا دوو ڕێڕەو ھەبێت، بۆیە ٥٢ فەتحە ھەبێ، کەوایە ئیرھاب و جڕوجانەوەر بێنە ژوورەوە، لەملاوە بۆچی لێپێچینەوە ھەیە؟، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا دوو جار تەقە لە دوو فڕۆکەی بیانی کراوە، ئەوکاتە ئێمە زۆر فۆکسمان نەخستە سەری، چونکە گەر کۆمپانیا بیانییەکان شتی وا بزانن، ئەوا جارێکی دیکە ھاتوچۆ لەوێوە ناکەن، لەو کاتەش ھاووڵاتییان زەرەرمەند دەبن".
بەگوتەی عادل نووری، فڕۆکەخانەی بەغدا بە گرێبەستێکی ٢٣ ملیۆن دۆلاری، بە کۆمپانیای (جی فۆر ئێس) دراوە کە بیانییە، بۆ ئەوەی ھەموو ساڵێک ئامێری سۆنەر، کەیناین و چکیۆپینەکان نوێ بکاتەوە، بەڵام ”نزیکە شەش تا ھەشت ساڵە ھیچ ئامێرێکی نوێ نەکردووەتەوە، ئەمە لەکاتێک دایە ٤۰ ملیۆن دۆلار بۆ ئەو بابەتە تەرخان کراوە و ھیچی نەکڕیوە، بۆیە ئێمە داوای گەڕانەوەی ئەو ٤۰ ملیۆن دۆلارەمان کردووە، ھەروەھا ڕاپۆرتمان بۆ ڕاگرتنی نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەو کۆمپانیایە بۆ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنیش ناردووە".
عادل نوری جەختیشی کردەوە: "گەندەڵییەکان بە ھەماھەنگی لەگەڵ کەسە نزیکەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و خزم و کەسوکارەکانیانە و دەست ڕۆیشتوون، بۆیە ھەوڵی ئەوە دەدەن بە ھەر شێوەیەک بێ، ڕێککەوتنمان لەگەڵ بکەن، بۆ بێدەنگبوونمان، بەڵام ئێمە بێدەنگ نابین، ئەوە دەگەیەنێت کە گەندەڵی لە مەکتەبی خودی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پشتیوانی لێ دەکەن، ڕێگری لێ ناکەن و لەگەڵیانن، بۆیە ئێمە لەڕێی ڕاگەیاندنەکانەوە ڕای گشتیی بۆ ئەو بابەتە دروست دەکەین".
باسنيوز
