هەزار خانووی گوندی كۆری لە هەولێر دابەش دەكرێن

 هەزار خانووی گوندی كۆری لە هەولێر دابەش دەكرێن
بەرپرسی راگەیاندن لە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بەم نزیكانە 1000 خانووی گوندی كۆری لە شاری هەولێر بەسەر كرێنشیناندا دابەش دەكەن، كۆمەڵەی داكۆكی لە مافی كرێنشینانیش، رێگاچارەیەك بۆ ئەو خانووانەی تاوەكوئێستا تەوان نەبوون، دەخاتەڕوو. ئەویش پێدانی زەوی خانووەكەیە بە نرخێكی هەرزانتر.

پاش چاوەڕوانییەكی زۆر كە چەندین ساڵی خایاند، لە 5500 خانووی گوندی كۆری لە شاری هەولێر 1000 خانوویان تەواو بوون و ئامادەن بۆ دابەشكردن، بەڵام گرفتی 4500 خانووەكەی دیكە هەر دەمێنێ‌، كۆمەڵەی داكۆكی لە مافی كرێنشینان لە هەولێر پێشنیازێكی نوێ‌ بۆ چارەسەری ئەو گرفتە دەخاتەڕوو، ئەویش پێدانی زەویی خانووەكەیە بەرامبەر پارەیەكی كەم.

هەمزە حامد، بەرپرسی راگەیاندن لە پارێزگای هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند، لە پلانی پارێزگای هەولێردایە بەم نزیكانە 1000 خانووی گوندی كۆری دابەش بكات‌ و گوتی: "ئەو 1000 خانووە بە خزمەتگوزارییەكانیشیەوە تەواو بووە ‌و بەم نزیكانە كە لەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتووە دابەش دەكرێن".

بەرپرسی راگەیاندنی پارێزگای هەولێر، باسی لەوەش كرد، ئەگەر ژمارەی ئەو كەسانەی ئامادەبوون خانووەكان وەربگرن، لە هەزار كەس تێپەڕی، ئەوا ئەو كاتە بەشێوەی تیروپشك خانووەكان دابەش دەكەن ‌و گوتی "هەر كەسێك ئامادەبێت خانوو وەربگرێت، جگە لەو 7000 دۆلارەی پێشتر داویەتی، دەبێت 12 هەزار‌ و 700 دۆلاری دیكەش بدات، دیارە ئێستا هەموو كەسێك ئەو پارەیەی نییە، بۆیە پێناچێت ژمارەی داواكاری بگاتە هەزار كەس، ئەگەر ژمارەی داواكاری گەیشتە سەرووی هەزار كەس، ئەو كاتە بە تیروپشك دابەشی دەكەین". هەمزە حامد، ئاماژەی بەوەشدا "لەكاتی دابەشكردنی خانووەكان تیروپشك هەر دەكەن، بەڵام ئەو كاتە بۆ ژمارەی خانووەكانی دەكەن تاوەكو بزانن كێ‌ ژمارە چەندی بەردەكەوێت".

لەبارەی چارەنووسی 4500 خانووە تەواونەبووەكانی دیكەش، هەمزە حامد دەڵێت: "پێشنیازی زۆر دەكرێت، بەڵام هیچی فەرمی لەو بارەیەوە نییە، بەدڵنیاییەوە ئەو گرفتە بێ‌ چارەسەر نامێنێتەوە".
بەڵام كارزان رەسوڵ، بەرپرسی راگەیاندنی كۆمەڵی داكۆكی لەمافی كرێنشینان لە هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند، بۆ بەدواداچوونی ئەو 4500 خانووە تەواو نەبووە، لە چەند رۆژی رابردوودا سەردانی بەشی یاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانیان كرد و پێشنیازێكیان خستووەتەڕوو. كارزان گوتی: "پێشنیازمان كرد ئەو 4500 كەسەی كە پێشتر 7000 دۆلاریان لێ وەرگیراوە، 1500 دۆلاری دیكەیان لێوەربگیرێت لە بەرامبەر ئەوەدا 220 مەتر زەوییان لە هەمان شوێن پێ بدرێت. ئەو 4500 كەسەی كە پارەی پێشەكییان داوە، بە پێشنیازەكەی ئێمە رازی بوون".

گوتیشی: "ئەوەندەی پرسیارمان كردووە بەو جۆرە لە قازانجیانە، چونكە بە 8500 دۆلار دەبنە خاوەنی 220 مەتر زەوی، بۆیە پێشنیازەكەیان پێ خراپ نییە، لایەنی حكومەتیش گوتیان كار لەسەر پێشنیازەكەتان دەكەین، بەڵام هیچ بەڵێنێكی دیاریكراویان نەدا كە بەو جۆرەی لێبكەن".

خانووەكانی گوندی كۆری كە 5500 خانوو بوو، لە ساڵی 2013 بڕیاری دروستكردنی درا ‌و بڕیار بوو لە 2015 تەواو بكرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە تەواو نەكران، نرخی خانوویەك 40 هەزار دۆلارە. كڕیار پێشەكی 7000 دۆلاری لێوەرگیراوە، ئێستاش هەزار خانووی تەواو بووە، هەر كەسێك مەبەستی بێت خانووەكەی وەربگرێت دەبێت 12هەزار و 700 دۆلار بدات، ئەو پارەیەی كە دەمێنێتەوە بە ماوەی 10 ساڵ لێی وەردەگیرێتەوە، كە مانگانە 164 دۆلارە.






رووداو
Top