لە سۆران رێوڕەسمی جەژنی قیامە لە كەنیسەی مارگۆرگیس بەڕێوە چوو

لە سۆران رێوڕەسمی جەژنی قیامە لە كەنیسەی مارگۆرگیس بەڕێوە چوو
بەمەبەستی پیرۆزباییكردن بە بۆنەی جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح (د- خ) لقی سۆرانی یەكێتی زانایانی ئایینیی ئیسلامی كوردستان و دامودەزگاكان، سەردانی كەنیسەی مارگۆرگیسی دیانایان كرد.

وەیسی سەعید وەیسی، بەرێوەبەری ئەوقافی سۆران، رایگەیاند: "ئەمڕۆ یەكشەممە 1-4-2018 بەمەبەستی پیرۆزباییكردن بەبۆنەی جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح (د- خ) سەری ساڵی بابلی و ئاشووری، هاورێ لەگەڵ شاندێكی لقی سۆرانی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، بە سەرپەرشتی مەلا خالید مەلەكی بەرپرسی لقی سۆران سەردانی كەنیسەی مارگۆرگیسی دیانامان كرد، وێڕای پیرۆزبایمان بۆ خوشك و برا مەسیحیەكانی دەڤەری سۆران، هیوامان خواست ئەم جەژنە بەخۆشی و ئارامی بەرێ بكەن و ببێتە مایەی خێرو خۆشی و بۆ هەموو لایەك، تا هەمیشە كوردستان بە مەڵبەندی پێكەوە ژیانی سەرجەم پێكهاتەكان بمێنێتەوە".

هەروەها بەرپرسانی ئیداری و حكوومی و حزبی و سەربازی و رێكخراوەكانی كومەڵەی مەدەنی و هاووڵاتییانی دەڤەری سۆران، بە هەمان شێوە بۆ پیرۆزبایكردن لە برا مەسیحیەكان، سەردانی كەنیسەی مارگۆرگیسی دیانایان كرد و پیرۆزبایی خۆیان ئاراستەی برا مەسیحییەكان كرد.

هاوکات لەمبارەوە قەشە یەترون یۆنان، سەرپەرشتیاری كەنیسەی دیانا و هاودیان و بێدیال بە ناوی خۆی و سەرجەم مەسیحیەكانی دەڤەری سۆران، خۆشحاڵی و سوپاسی خۆی دەربڕی بە بەشداریكردنی موسڵمانان و زانایانی ئایینی و دامودەزگا حكوومی و سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان لە یاد و بۆنەكانیان بەفاكتەری سەرەكی دانا، بۆ بەهێزكردنی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوو پێكهاتەی موسڵمان و مەسیحی لە سنوورەكە".

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا قەشە یەترون یۆنان، ستایشی وەیسی سەعید، بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆرانی كرد، كە هەمیشە خۆی بە خاوەنی بۆنە و پرسەكانی مەسیحییەكانی دەڤەری سۆران زانیووەو جیاوازی نەكردووە لەنێوان بۆنەكانەكاندا، ئەوەش تەبایی و پێكەوە ژیانی لەنێوان موسڵمان و مەسیحیەكان زیاتر كردووە و دەڤەری سۆران بووەتە نموونەی جوانی و پێكەوەژیان.










باسنیوز
Top