عەلی قازی: ئامانجی پێشەوا و پێشمەرگەکانی بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێننەوە

 عەلی قازی: ئامانجی پێشەوا و پێشمەرگەکانی بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێننەوە
بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی پێشەوا قازی محەمەد سەرکۆماری کوردستان و بەرزنرخاندنی خەباتی، عەلی قازی، کوڕی ئەو ڕێبەرە کوردە سوپاسنامەیەکی بۆ خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە.



لە بەشێک لە سوپاسنامەکەی عەلی قازیدا هاتووە: "پێشەوا تەنیا بۆ خانەوادەی خۆی باوک نەبوو بۆ هەموو نەتەوەی کورد، وەک باوکێکی دڵسۆز تا کۆتا هەناسەی لە ێناو مافی گەلەکەی هەوڵی دا و قارەمانانە شەهید بوو، راستە پێشەوا لە سێدارە درا، بەڵام ئامانج و ئاواتەکانی پێشەوا و پێشمەرگەکانی هەرگیز بە پەتی سێدارە کۆتایی پێنەهات و نایەت و بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە".



لە کۆتاییدا دەنووسێت "من عەلی قازی محەمەد کوڕی پێشەوا قازی سوپاسی هەموو کوردێک دەکەم کە خەبات دەکات بۆ ئازادی کوردستان و بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەکانی پێشەوا قازی محەمەد و هەموو شەهیدانی کوردستان ،سڵاو لە مەهاباد و هاوشارییانم، سڵاو لە کوردستان و هاووڵاتییانم، سڵاو و دروود لە خانەوادەی شەهیدانی کوردستان و سوپاس بۆ هەموو ئەو کەسانەی لەم ساڵیادە بە جۆرێک یادی شەهید بوونی پێشەوای کوردستانیان کردەوە".



وێنەیەک لە سوپاسنامەکە بۆ ئاژانسی (باسنیو) نێردراوە.

دەقی سوپاسنامەکە:



لە مێژووی هەموو نەتەوەیەکدا هەزاران چیرۆکی شکست و سەرکەوتن هەیە و هەزاران پیاو و ژنی سەرکردە و مەرد هەیە کە بوونەتە مایەی زیندوومانەوە و بەدیهێنانی ئامانجەکان و رزگاری نەتەوە و نیشتمانیان، چیرۆکی هەموو مرۆڤێکی ئاسایی رۆژێک کۆتایی پێدێت و هەرکەسێک دەتوانێت بۆ ئاسوودەیی خۆی و خانەوادەی هەوڵ بدات و بژی و دواتر میراتێک بۆ مناڵەکانی دەستەبەر بکات و پاش مردنی چیرۆکی ژیانی کۆتایی پێدێت و وەک هەموو باوکێکی ئاسایی و دواتر لەبیر دەکرێت، لە مێژووی نەتەوەی کورددا سەرکردەی بە جەرگ و دلێر زۆرن کە چیرۆکی ژیانیان هەرگیز کۆتایی پێنایەت و وەک باوکێک بۆ هەموو نەتەوە و رۆڵەکانی نیشتمانیان تێکۆشاون نەک بۆ خانەوادە و بۆ خۆیان، لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە 1947.03.30 لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد 3 قارەمانی نەتەوەی کورد لە سێدارەدران و لەپێناو مافی نەتەوەی کورد گیان و ژیانی خۆیان فیدا کرد و شەهید بوون، پێشەوا قازی محەمەد و ژنراڵ محەمەد حسێن خان سەیفی قازی وەزیری بەرگری دەوڵەتی کۆماری کوردستان و ئەبولقاسم سەدری قازی یەکەم شەهیدی پارلەمانتەری کوردستان کە هەرسێ مەردانە بەرو سێدارەی مەرگ چوون و رازی نەبوون بە سازش و خیانەت لەگەڵ نەتەوەکەیان و بەڵێنی خۆیان لەگەڵ کورد و کوردستان تا کۆتا هەناسە لەبیر نەکرد.



لە کاتی بڵاوبوونەوەی لەشکەرکێشی سوپای شاهەنشاهی ئێران و پاش خیانەتی دەوڵەتانی زلهێزی جیهانی و چەندرۆژ بەرلە داگیرکردنی مەهاباد و شارەکانی کوردستان هاوژینی پێشەوای نەمر داوای لێدەکات ئەگەر رووحم بەخۆت ناکەی بە ئەو 8 منداڵە کەمتەمەنت بکە و جەنابی پێشەوا لە وەڵامدا روو لە خوشکی گەورەی خەدیجە خانم دەکات و دەفەرموێت ئەمن هەرگیز خۆم شەرمەزاری میللەت ناکەم مینا دەیهەوێت ئەمن هەڵێم و دوایە نەیاران بڵێن پێشەوا ترسەنۆک و خۆپەرەست بوو، دواتر مەلا مستەفای بارزانی داوای لێدەکات کە خەبات لە چیاکانی کوردستان درێژە پێبدەن و دەفەرموێت جەنابی قازی محەمەد تۆ هەر پێشەوای ئێمەی و لەگەڵ دوژمن دەجەنگین، بەڵام پێشەوا ئاڵای سەر مێزی پێشکەشی مەلا مستەفای بارزانی دەکات و دەفەرموێت من ناتوانم خۆم شەرمەزاری میللەت بکەم لە رۆژی خۆشیدا لەگەڵیان بووم و لە رۆژی ناخۆشیشدا هەر لەگەڵ ئەو میللەتە دەمێنمەوە و هیوادارم رۆژێک بە هەوڵ و هیممەتی تۆ رۆژێک بێتەدی کە لەسەر هەموو شاخەکانی کوردستان ئەو ئاڵایە شەکاوە بێت، جارێکی تر کۆمەڵێک لە خەڵک داوا لە پێشەوا دەکەن کە گیانی خۆی و خانەوادەی رزگار بکات و رووسەکان بەڵینی هەموو کەلوپەل و ماڵی پێشەوایان دا بە چەند بارهەڵگر بۆ سۆڤییەت بیگوازنەوە، بەڵام پێشەوا لە ئاکامدا رەتی کردووە کە خەڵک بە سوپای داگیرکەر بسپێرێت و خەڵکی شاری مەهاباد و شارەکانی دوروبەر هاوشێوەی خەڵکی شاری تەورێز کە 20 هەزار کەس تێیدا بوونە قوربانی بەدەستی سوپای بێرەحمی بێگانە کۆمەڵکوژ بکرێن هەر بۆیە بڕیاری دا خۆی پێشمەرگی نەتەوەی کورد بێت و پاش 3 مانگ دادگایی و زیندانیبوونی لەکاتی لە سێدارەدانی فەرمووی ئێوە یەک قازی محەمەد دەکۆژن، بەڵام لە جێگەی ئەو محەمەدە لە ئایەندە هەزاران محەمەد بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان تێدەکۆشن و خەبات دەکەن.



پێشەوا قازی محەمەد دەیتوانی وەک هەر مرۆڤێکیتر ئاسوودە ژیان بکات و چیرۆکی ژیانی کۆتایی پێبێت بەڵام میراتی پێشەوا قازی محەمەد بۆ هەموو نەتەوەی کورد بوو و هەر وەک خۆی فەرمووی هەزاران محەمەد بۆ ئازادی کوردستان تێدەکۆشن و ئاخرین محەمەدێک کە بۆ بەرز راگرتنی ئاڵای کوردستان شەهید بوو لە شاری خانەقینی خۆشەویست بوو کە بەداخەوە پاش روداوەکانی16 ئۆکتۆبەر شەهید بوو و تا رۆژی ئازادی نەتەوە و نیشتمانمان هەزاران مەردی قارەمانی وەک پێشەوا خۆیان دەکەن بە پێشمەرگەی وڵات و میللەتی کورد ، کەواتا دەتوانین بڵێین پێشەوا تەنیا بۆ خانەوادەی خۆی باوک نەبوو بۆ هەموو نەتەوی کورد وەک باوکێکی دڵسۆز تا کۆتا هەناسەی لە پێناو مافی گەلەکەی هەوڵیدا و قارەمانانە شەهید بوو، راستە پێشەوا لە سێدارە درا بەڵام ئامانج و ئاواتەکانی پێشەوا و پێشمەرگەکانی هەرگیز بە پەتی سێدارە کۆتایی پێنەهات و نایەت و بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە.



من عەلی قازی محەمەد کوڕی پێشەوا قازی سوپاسی هەموو کوردێک دەکەم کە خەبات دەکات بۆ ئازادی کوردستان و بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەکانی پێشەوا قازی محەمەد و هەموو شەهیدانی کوردستان ،سڵاو لە مەهاباد و هاوشارییانم ، سڵاو لە کوردستان و هاووڵاتییانم ، سڵاو و دروود لە خانەوادەی شەهیدانی کوردستان و سوپاس بۆ هەموو ئەو کەسانەی لەم ساڵیادە بە جۆرێک یادی شەهید بوونی پێشەوای کوردستانیان کردەوە .




باسنیوز
Top