حەوت زانکۆی حکومی سنووری سلێمانی: ناهێڵین خوێندنی ئەمساڵ بفەوتێت

 حەوت زانکۆی حکومی سنووری سلێمانی: ناهێڵین خوێندنی ئەمساڵ بفەوتێت
حەوت زانکۆی حکومی سنووری پارێزگای سلێمانی رایدەگەیێنن، کاردەکەن بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن لە زانکۆکان بەردەوامبێت و ناهێڵن خوێندنی ئەمساڵ بفەوتێت.

لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، زانکۆکانی سلێمانی، پۆلیتەکنیکی سلێمانی، کۆیە، گەرمیان، راپەڕین، ‌هەڵەبجە، چەرمۆ و دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی دەڵێن، دوایین بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە مووچە بڕیارێکی گرنگە و بەشێکی بەرچاوی بارگرانییەکانی سەرشانی مامۆستایان و فەرمانبەران چارەسەردەکات.

ئەو زانکۆیانە جەختدەکەنەوە "بەردەوامدەبین لە هەوڵەکانمان بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکانمان، هاوکات خەرجکردنی شایستە داراییەکانی دیکەی مامۆستایان و فەرمانبەران لەسەر سنودوقی داهاتی زانکۆکان بەردەوامدەبێت".

زانکۆکانی سنووری پارێزگای سلێمانی داوا دەکەن "هەموومان پێکەوە کاربکەین بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن لە سەرجەم زانکۆکانی کوردستان بەردەوامبێت، رێگە نەدەین هیچ گرفتێک ببێتە لەمپەڕ لەبەردەم بەردوامبوونی پرۆسەی خوێندن لەو ماوە کەمەی کە لەپێشمانە بۆ تەواوکردنی خوێندنی ئەمساڵ. هەروەها زۆر گرنگە کە نەهێڵین پرۆسەی خوێندن لە زانکۆکانمان ببێتە قوربانی ئەجیندای سیاسی و دەبێت کاربکەین کە سیاسەت و بانگەشەی هەڵبژاردن لە پرۆسەی خوێندن دووربخەینەوە".

دەقی راگەیێندراوەکە:

مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆشەویست لە زانکۆکانی کوردستان
خوێندکارانی ئازیز
کەسوکاری بەڕێزی خوێندکاران

وەک ئاگادارن لە سەرەتای خوێندنی ئەمساڵەوە سەرباری بارودۆخی تایبەتی هەرێمی کوردستان و قەیرانی نەخوازراوی دارایی، بە هەوڵ و ماندووبوون و خۆڕاگری مامۆستایان و فەرمانبەران توانرا بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەردەوامی بە پرۆسەی خوێندن بدرێت و لە هیچ زانکۆیەکی کوردستاندا بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن نەکرێت هەر بۆیە جێگەی خۆیەتی کە سوپاسی تایبەتی یەکە یەکەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکان بکەین بۆ لەخۆبردووویی و دڵسۆزیان لە پێناو سەرکەوتنی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان.

ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئەنجومەنی زانکۆکانی کوردستان پشتیوانی بەردەوام لە باشکردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکان دەکەن، هەر بۆیە لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاتدا لە ڕێکەوتی (٢٧/٣/٢٠١٨) لەبەر ڕۆشنایی پێشنیاز و سەرنج و تێبینی زانکۆکان ، توانرا پرۆژەیەکی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی پرسی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران ئامادەبکرێت و دواتر لە ڕێگای بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کۆبوونەوەی (٢٨/٣/٢٠١٨) پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت، بە خۆشحاڵییەوە بەشێکی زۆری ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەی پرۆژەی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا جێیکرایەوە.

پێشتریش لە کۆبوونەوەی (٢٢/٢/٢٠١٦) دا ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پرۆژەیەکی دیکەی پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بەمەبەستی چارەسەرکردنی پرسی شایستە داراییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکانی کوردستان.

دوایین بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەم پرسە بڕیارێکی گرنگە و بەشێکی بەرچاوی بارگرانییەکانی سەرشانی مامۆستایان و فەرمانبەران چارەسەر دەکات.

هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە کە ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ باشتر کردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکانمان و هاوکات خەرجکردنی شایستە داراییەکانی دیکەی مامۆستایان و فەرمانبەران لەسەر سندوقی داهاتی زانکۆکان بەردەوام دەبێت.

هەربۆیە داواکارین هەموومان پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن لە سەرجەم زانکۆکانی کوردستان بەردەوام بێت و دەرگای هۆڵەکانی خوێندن بەڕووی گەنجان و ڕۆڵەکانی وڵاتەکەمان ئاوەڵا بێت، ڕێگە نەدەین هیچ گرفتێک ببێتە لەمپەڕ لەبەردەم بەردوامبوونی پرۆسەی خوێندن لەو ماوە کەمەی کە لەپێشمانە بۆ تەواوکردنی خوێندنی ئەمساڵ. هەروەها زۆر گرنگە کە نەهێڵین پرۆسەی خوێندن لە زانکۆکانمان ببێتە قوربانی ئەجیندای سیاسی و دەبێت کار بکەین کە سیاسەت و بانگەشەی هەڵبژاردن لە پرۆسەی خوێندن دوور بخەینەوە.

کەس و کاری خۆشەویستی خوێندکاران:

ئێوەش لە شوێنی خۆتانەوە ڕۆڵ و کاریگەریتان هەیە کە هاوکارمان بن و پشتیوانی لە بەردەوامی پرۆسەی خوێندن بکەن بۆ ئەوەی ڕۆڵەکانتان لە مەترسی لەدەستدانی ساڵێکی خوێندن بپارێزن.

بەهێوای بەردەوامبوون و سەرکەوتنی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان

زانکۆی سلێمانی
زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی
زانکۆی کۆیە
زانکۆی گەرمیان
زانکۆی راپەڕین
زانکۆی ‌هەڵەبجە
زانکۆی چەرمۆ
دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی







باسنيوز
Top