شرۆڤەکارێکی سیاسی: هەندێ لایەن لە موزایەدەکردن بە مووچە سەرکەوتوو نەبوون
حەیدەر شێخ کەمال، شرۆڤەکاری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" بەرلەوەی خۆپیشاندانی رۆژانی رابردووی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەبچن، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە و لە پەیامەکەیدا گوتی، رەوشی دارایی ھەرێمی کوردستان ئاسایی دەکەینەوە، کەمەست لێی باشترکردنی مووچەی فەرمانبەران بوو، بەداخەوە ھەندێ لایەنی پیلانی ئەوەیاندانا کەڵک لەو پەیامەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان وەربگرن و خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، تا بە خەڵکی کوردستان بڵێن ئەوە بەھۆی خۆپیشاندانی ئێمەوە پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشە کەوتی مووچەدا کرا و بیکەنە دەستکەوتی خۆیان، لەوە زیاتر ھیچ لێکدانەوەیەکی دیکەم بونییە و خۆپیشاندانەکانی ئێستا دەکرێن لەلایەن ھەندێ لایەنی سیاسییە.
دوای بڕینی مووچە و بودجەی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی بەغداو ھێرشی تیرۆریستانی داعش بۆسەر ھەرێمی کوردستان و دابەزینی بەھای نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا قەیرانی دارایی ھەرێمی کوردستانی گرتەوە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەڵێنی ئەوەی بە ھاوڵاتیان و فەرمانبەران داوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا مووچە دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی پێشوو.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە ڕوونیکردەوە، ھەموو ئەو لایانەی ئێستا و پێشتر لە نێو حکوومەتدا بەشداربوون ئاگاداری وردەکاری قەیرانی دارایی بوون و دەزانن چوون و بۆچی قەیران دروستبوو، ھەر لایەنێک بڵێ ئاگاداری قەیران نەبووینە ئەوە راست ناکات، ھێشتا یەک قەترە نەوتی ھەرێمی کوردستان رەوانەی دەرەوە نەکرابوو بەغدا مووچە و قووتی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستانی بڕی.
حەیدەر شێخ کەمال گوتی، بەشێکی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان ئەوانەی دژی حکوومەتن و بەشدارن لە خۆپیشاندانەکان دەیانەوێ خۆی لەژێر باری بەرپرسیاریەتی دەربێنن و ھەموو قەیران و کێشەکانی ئێستای ھەرێمی کوردستان بیخەنە ئەستوی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو لایەنانە ناتوانن ئەو باوەڕە بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دروست بکەن، ئەمانە دەیانەوێ خەڵک چەواشە بکەن و دەیانەوێ کەسانێک کە لە دۆخی سیاسی بێئاگان بەو رێگەیەوە بەرکایان بێنن.
kdp-
