پەرلەمانتارێکی یەکێتی: موزایەدەچییەکان تا سەر جێگەیان نابێتەوە

 پەرلەمانتارێکی یەکێتی: موزایەدەچییەکان تا سەر جێگەیان نابێتەوە
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، ئەگەر سیستەمە نوێیەکەی مووچە جێبەجێ بکرێ، ”موزایەدەچییەکان تاسەر جێگەیان نابێتەوە“.

سەعید مەسیفی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕايگەیاند: ”کۆبوونەوەکەی دوێنێ چوارشەممە 28/3/2018ی ئەنجومەنی وەزیران، جێگەی خۆشحاڵییە و ناکرێ موزایەدە و بانگەشەی ھەڵبژاردن لەسەر قووتی خەڵک بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک باوەڕی زۆری بەو کۆبوونەوەی دوێنێی حکوومەت ھێناوە و ئەگەر حکوومەتی ئەو سیستەمە بۆ مووچە جێبەجێ بکات، ئەوا موزایەدەچییەکان جێگایان نابێتەوە“.

پەرلەمانتارەکەی یەکێتی پێیوایە، لەم دۆخەی کوردستاندا سەرجەم لایەنەکان لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگیان کەم دەبێتەوە ”بە گۆڕانیشەوە“، بەڵام ”ئەوەی ئیستا ھەیە، ھەندێک بۆ چەواشەکاری یا بەرژەوەندیی شەخسی لە میدیاکانەوە قسە بکات، ئەوا دەکرێ بڵێین ئەگەر حکوومەت بتوانێ پەیامی هاووڵاتییان جێبەجێ بکات، بەدڵنیاییەوە گۆڕان لەو ئاستە نابێ کە بانگەشەی بۆ دەکات“.

پەرلەمانتارەکەی یەکێتی دەشڵێت: ”گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن ئەوکاتەی پاشەکەوتی مووچە کرا، لە حکوومەتدابوون و نەکشاونەتەوە، بڵێن ئێمە لەبەر ئەوە کشاوینەتەوە، بۆیە دیارە ئەو کاتەی پاشەکەوتەکە کراوە، ئەوان بڕوایان پێی ھەبووە“.

سەعید مەسیفی لە لێدوانەکەیدا دووپاتی کردەوە: ”دڵنیام بارودۆخەکە بەرەو باشتر دەڕوات و متمانەی زیاتری خەڵکیش بە حکوومەت دەگەڕێتەوە“.












باسنيوز
Top