ھێزێکی زۆری پەکەکە لە ناوچەی ھەورامان بڵاوبوونەتەوە
ماوەی چەند ڕۆژێکە ھێزێکی زۆری پەکەکە لە گوندەکانی شارەدێی خورماڵی سەر بە پارێزگای ھەڵەبجە بڵاوبوونەتەوە. بەرپرسێکی پارتیش رایگەیاند هێزەكانی پەكەكە خەڵكی ناوچەكەیان بێزار كردووە و باج و سەرانەشیان لێ وەردەگرن.
بەرپرسانی ئیدارەی شارەکە ھیچ زانیارییەک لەو بارەیەوە ئاشکرا ناکەن. بەڵام فازڵ بەشارەتی بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی لە پارێزگای ھەڵەبجە رایگەیاند كە چەکدارەکانی پەکەکە سەرئێشەی زۆریان بۆ ھاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە دروست کردووە، چونکە لە ناوچەی پێنجوێن و ھانانەوە، باج و سەرانە لە ھاووڵاتیان وەردەگرن.
بەشارەتی ڕاگەیاند "ھەرچەندە پێشتر چەکدارەکانی پەكەكە لە پارێزگای ھەڵەبجە ھەبوون، بەڵام ماوەیەکی زۆرە ھێزەکانیان بەشێوەیەکی فروانتر بڵاوەیان کردووە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ھێزێکی سەر بە پەکەکە لە گوندی ھانانەوە سەر بە ناوچەی ھەورامان بڵاوەیان پێکراوە".
گوتیشی بەداخەوە تا ئێستە پەکەکە جێگەی خەباتی خۆیان نەدۆزیوەتەوە، بۆیە سەرئێشەیەکی زۆریان بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان و هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە دروست کردووە.
بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی ئاماژەی بەوەش دا كە چەکدارەکانی پەکەکە لە ھەر شوێنێکدا پێگەیان ھەبێت، باج و سەرانە لە هاووڵاتیانی کۆڵبەری سنوورەکان وەردەگرن، بێگومان ئەو چەکدارانەی پەکەکە لە ناوچەکانی ھاورامان و پێنجوێن، باج و سەرانە لە ھاووڵاتیانی کۆڵبەری سنورەکان وەردەگرن.
دەربارەی ھۆکاری ھاتنی ھێزەکانی (پەکەکە) بۆ ناوچەکانی ھەورامان پەیوەندی بە سمکۆ سالار بەڕێوەبەری شارەدێی خورماڵەوە کرد، بەڵام ناوبراو بێ ئاگایی خۆی نیشان دا و ئامادە نەبوو ھیچ لێدوانێک بدات.
bas news-
