"ئەوانەی خۆیان كردووەتە نوێنەری خۆپێشاندەران، خۆیان هۆكاری بڕینی مووچە بوون"
هەندێك لایەن و كەسایەتی کە ناسراون و کەس نییە نەزانێ کێن، بەردەوام لە بەغدا داوایان لە حكوومەتی عێراق دەكرد بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان ببڕێت و گوشاری ئابووری لەسەر هەرێمی كوردستان دروست بكەن، بۆ ئەوەی خەڵك لە دژی هەرێم هان بدەن، ئەمەیش وای كرد بەغدا بەشەبودجەی هەرێم ببڕێت و قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستاندا دروست ببێت، ئێستاش حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی باشتركردنی مووچەی فەرمانبەرانە و، ئەو كەس و لایەنانەش دیسان هانی خەڵكی دەدەن خۆپێشاندان بكەن و دژایەتیی حكوومەت بكەن.
ئەندامی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق، سەرحان سلێڤانەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "حكوومەتی عێراق لە بەرامبەر ناردنی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان زۆر توندە و، ئەو خۆپێشاندانانەی لە ناوخۆی هەرێمیش دەكرێن، ئەنجامی سیاسەتی مالیكی و عەبادییە بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی، بۆیە سیاسەتی حكوومەتی عێراق ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان نەهێڵێت و، ئەم كارەیشی لەسەر داوای كەسانێك بووە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان".
سلێڤانەیی دەڵێ: "ئەو كەسانەی ئێستا دەبینین سواری شەپۆلی خۆپێشاندەران بوون لە هەرێمی كوردستان بە بیانووی پشتیوانیی داواکاریی مووچەی فەرمانبەران، کە لە ڕاستیدا ئامانجی کەسی و حزبییان هەیە، هەمان ئەو كەسانەن كە لە بەغدا داوای بڕینی مووچەی فەرمانبەرانیان دەكرد، بۆیە پێویستە بپرسین، كەی بەغدا بەشەبودجەی هەرێمی ڕەوانە كردووە كە حكوومەتی هەرێم دابەشی نەكردبێت؟ بێگومان ئەو قەیرانەی دروست بووە، هۆكارەكەی حكوومەتی عێراق و ئەو كەسانەن كە داوای بڕینی مووچەی فەرمانبەرانیان كردووە".
سلێڤانەیی گوتی: "حكوومەتی عێراق هێشتا بڕەپارەی پێویستی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان ڕەوانە نەكردووە، هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەوانەی ئێستا خەڵكی بۆ خۆپێشاندان هان دەدەن، ئەوانەن كە لە بەغدا دوایان كرد مووچەی فەرمانبەران ببڕێت و هەر ئەوانەیش بوون داوایان كرد بەغدا كەركووك داگیر بكات."
سلێڤانەیی دەشڵێت: "پێویستە خەڵكی كوردستان و بە تایبەت ئەوانەی داوای مافی خۆیان دەكەن، ڕێگە نەدەن ئەو كەسانەی خۆیان بۆ پەرلەمان كاندید كردووە، بێن لە ڕێگەی داواكاریی ئەوانەوە دەنگ بۆ خۆیان كۆ بكەنەوە، چونكە ئەمانە خۆیان هۆكاری بڕینی مووچە بوونە و ئێستایش بۆ مەرامی سیاسی هاتوونەتە نێو خۆپێشاندەرانەوە".
kdp-
