گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بە هاندانی خۆپیشاندانەکان دژایەتیی قوباد تاڵەبانی دەکەن
لە چوارچێوەی ئەو ناڕەزایەتییەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە دژی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە هەیانە، زۆربەی حزبەکانی سلێمانی، بەرنامە و ئەجێندای تایبەتیی خۆیان هەیە و لە پەنا خۆپیشاندانی خەڵکی هەژارەوە جێبەجێی دەکەن. گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لە ڕێگەی ئەو چەند بەرپرس و لایەنگرەی لەنێو ڕێکخستنەکانی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا هەیانە، دەیانەوێت بە هاندانی خۆپیشاندان، دژایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن و وەک سەرکردەیەکی لاوازی تیمی یەکێتی لە حکوومەت بیناسێن
ژمارەیەک لەو بەرپرس و لایەنگرانەی گرووپە خیانەتکارەکەی یەکێتی لە شاری هەولێر و شارەکانی دیکە، بەهۆی ئەوەی کەس نایانناسێت، وەک خۆپیشاندەر چوونەتە نێو خۆپیشاندانەکان و لە ڕێگەی میدیاکانی سەر بەو گرووپەش، هانی خۆپیشاندان دەدرێت، ئەمەش بە مەبەستی لێدانە لە پێگەی قوباد تاڵەبانی.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە کاتی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری گرووپەکەی نێو یەکێتیدا، قوباد تاڵەبانی هەڵوێستێکی تاڕادەیەک مامناوەندی نیشان دا و نەچووە پاڵ گرووپەکەوە، بۆیە چاودێران پێیانوایە ئەو کارەی گرووپە خیانەتکارەکەی نێو یەکێتی، بۆ دژایەتیکردنی قوباد تاڵەبانی و لەبیربردنەوەی خیانەتەکەیانە لە هزری خەڵکیدا.
باسنيوز
