سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران داوای پەسەندکردنی یاسای چاکسازی لە پەرلەمان دەکات
رۆژی چوارشەممە 28/3/2018، دوای لێدوانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەت و لێدوانی رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری،، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا، دوو بابەت تاوتوێ کران.
ئامانج رەحیم هەروەها رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا، بابەتەکانی داهاتی نەوتی و نانەوتیی هەرێمی کوردستان و چاکسازی، تاوتوێ کران.
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەش کرد، کە بەجێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، هەم دادپەروەری دەگەڕێتەوە و هەم کێشەی مووچەش لە هەرێمی کوردستر چارەسەر دەبێت.
دەقی لێدوانی سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران:
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دوو بابەت کە جێگەی بایەخی خەڵکی کوردستانە، بە دوور لە موزایەدەی سیاسی، داهاتی نەوت و داهاتی غەیرە نەوتی بۆ ئەنجومەنی وەزیران خرایە ڕوو، خۆزگە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان ڕێک بخرێتەوە کە لە پێش ساڵی ٢٠١٤ لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند دەکرا. بۆ مووچە دڵخوازیی هەموو خەڵک ئەوەیە کە بۆ یاسا بگەڕێینەوە و مووچەی فەرمانبەران بە یاسا دابەش بکەین. هەروەها بابەتی چاکسازیش کە هەرچەندە داهات بەرز بێتەوە، ئەگەر دژی گەندەڵی نەوەستینەوە، داهاتەکە بەش ناکات. بۆیە من داوا دەکەم هەرچی زووە پەرلەمانی کوردستان، یاساکە دەربکات و بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.
زۆرکەس پرسیار لە پاشەکەوتەکە دەکات، لە یاساکەی پەرلەمانی کوردستاندا ئاماژە بەوە دراوە کە دەبێت هەموو فەرمانبەرێک حیسابێکی بانکی بۆ بکرێتەوە و بتوانێت مانگانە لەو حیسابە، هەندێک قەرزی حکوومەت بداتەوە.
ئێستا داهاتی کوردستان ٧٢٠ ملیار دینارە، ئەو پارەیەی ماوەتەوە بۆ مووچەی مووچەخۆران، بەجێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، هەم دادپەروەری دەگەڕێتەوە و هەم کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت.
لەبابەتی شەفافیەتدا گرنگە کە خەڵک گومانی لە داهاتی گومرگ و نەوت و باجەکان هەیە و بابەتی خستنەڕووی داهاتی نەوت و غەیرە نەوت هەبوو. ئەمڕۆ سەعد حەدیسی کە گوتەبێژی حکوومەتە ڕای گەیاند، ئەوان بەردەوام دەبن لە ناردنی ٣١٧ ملیار دینارەکە، بەشێکیشی ئەو پارەیەیە کە ئەمریکا لە ڕێگەی وەزارەتی بەرگری و پنتاگۆنەوە دەینێرن و ئەم دوو ژمارەیە هەردووکیان پێمانوایە بەردەوام دەبن، وەزیری سامانە سرووشتییەکانیش ژمارەکانی خۆیانی بڵاو کردەوە.
ئامانجی ئەنجومەنی وەزیران کۆتاییهێنانە بە بڕیاری پاشەکەوتی ناچاریی مووچە، ئەو چاکسازییانەی کە داواکراوە پەرلەمانی کوردستان بڕیاری لەسەر بدات، هەروەها دەستپێشخەرییەکانی حکوومەتی عێراق لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، ئەوا ئاسۆیەکی ڕوون هەیە بۆ ئەوەی مووچەخۆری ئاسایی مووچەکەی وەربگرێت.
بەپێی بڕیارە تازەکە، هەتا مووچەی ٤٠٠ هەزار دیناری، هیچ بڕە پارەیەک پاشەکەوت ناکرێت، لە ٤٠٠ هەزار دینار تا دەگاتە مووچەی ٣ ملیۆن، ٢٥٪ی مووچەکانیان بە پلە پاشکەوت دەکرێت، دوانەی پلە تایبەتەکان کە وەزیر و پەرلەمانتارانن، وەک پێشوو ٧٥٪ی مووچەکانیان پاشەکەوت دەکرێت.
بۆچی بەغدا ٣١٧ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت؟ هێشتا یاسای بودجەی عێراق نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەو پارەیەی نێردراوە، ١ لەسەر ١٢ی تەرخانکراوی ساڵی ٢٠١٧یە، لەو ساڵەدا بۆ مووچە، دوو ژمارە هەیە کە یەکێکیان قەرەبووی فەرمانبەران و پارەی چاودێریی کۆمەڵایەتییە کە خانەنشینی دەگرێتەوە لەگەڵ پێشمەرگە، ساڵی ڕابردووش چەند پارەیەکیان ناردبوو کە ٣٥ ملیار دینارە، ئەگەر یاساکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە ڕەزامەندیی عەبادی تریلیۆنێک خراوەتە سەر قەرەبووکردنەوەی فەرمانبەران، ئێستا نزیکەی ١٨٠ ملیار دیناریش لە ٢٠١٧ بۆ خانەنشینان تەرخان کرابوو، قسە کرابوو ئەم پارەیەش لە چوارچێوەی شایستەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت کە تاوەکوو چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە بۆ ئەو دۆسیەیە نەکرێت، یاسای بودجە جێبەجێش بکرێ، کێشە دەبێت، ئێستە بەرەوپێشچوون هەیە.
وەکوو قەرەبووکردنەوەیەک، مووچەخۆری خانەنشین و کەسوکاری شەهیدان و کەمئەندامان، لەمەودوا هیچ پارەیەکیان لێ پاشەکەوت ناکرێت، هەروەها لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا ئەو توێژانە مووچەکانیان دابەش دەکرێت، هەروەها کەسوکاری شەهیدی شایستە و ناشایستە لەگەڵ خانەنشینی شایستە و ناشایستە یەکلا بکرێتەوە، دەتواندرێت بەشێکی زۆری داهات بگەڕێندرێتەوە.
بە گشتی ئەو زانیارییانە بوو کە لای من هەبوون.
بیانووی عێراق لە بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان، هەناردەکردن و فرۆشتنی ڕاستەوخۆی نەوت بووە، هەرێمی کوردستان دەیەوێت بزانیت چی دەست دەکەوێت لە ڕادەستکردنی نەوتەکەی، ئێستا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر ئەوە بەرەو لێکتێگەیشتنن کە چۆن شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی بواری نەوت جێگە بکەنەوە، من ئاسۆی ئەوە دەبینم کە دۆخەکە بەرەو چارەسەر بڕوات.
بۆ خەڵکی کوردستان گرنگە کە بزانن داهاتی کوردستان چەندە، ئەمڕۆ بەڕێز وەزیری دارایی ئاماژەی پێ دا، لەو ٧٢٠ ملیارەی کە خرایە ڕوو، نزیکەی ٣٧٥ ملیار دینار، داهاتی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانە لە دوای داشکاندنی خەرجییەکان، دواتر کۆمپانیای دیلۆیت خۆی داهاتەکان دەخاتە بەردەستی خەڵکی، تاوەکوو راپۆرتێکی وردبینیکراو بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بخرێتە ڕوو.
باسنيوز
