کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی مووچەی فەرمانبەران بەردەوامە
کۆبوونەوەکە پێش نیوەرۆی رۆژی چوارشەممە 28/3/2018 بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە.
بڕیارە لەو کۆبوونەوەیەدا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری کەمکردنەوەی رێژەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران بدات.
بیر لەوە دەکرێتەوە رێژەی پاشەکەوتی مووچە بۆ %10 تا %30 کەم بکرێتەوە، بەڵام ئەو پاشەکەوتە وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندرووستی ناگرێتەوە، ئەو کەسانەشی کە مووچەکانیان لە ٣٠٠ هەزار دینار کەمترە، پاشەکەوت لە مووچەکانیاندا نەکرێت، هەروەها پلە تایبەتەکان و بەرپرسانی حکوومەتیش بەهەمان شێوەی سیستەمی پاشەکەوت مووچەکانیان پێ بدرێت.
بەھۆی بڕینی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقییەوە لە ساڵی 2013ـەوە و ھێرشی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر کوردستان لە ساڵی 2014، قەیرانی دارایی لە ھەرێمی کوردستان دروست بووە و حکوومەتیش بۆ چارەسەرکردنی، بڕیاری پاشەکەوتکردنی بەشێکی زۆری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دا.
باسنيوز
