پەرلەمانتارێک: عێراق بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان نیازی پاک نییە
ئیسلام حوسێن، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی ڕايگەیاند: "باس لە ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دەکرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێکی فەرمی لەبارەی ئەو ڕێککەوتنەوە نییە، هەرچەندە دەنگۆی ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەهێزە و تەنانەت لەناو فراکسیۆنی پارتیش باسی لێوە دەکرێ، بەڵام دەپرسم ئەگەر ڕێککەوتنێک هەبێ بۆ عەبادی بێدەنگە و ئاشکرای ناکات".
ئە پەرلەمانتارەی پارتی گوتیشی: "ئەگەر حکوومەتی عێراق بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان نیەتی پاک بێت، ئەوا هیچکام لە بەرهەم ساڵح، هۆشیار عەبدوڵا، سروە عەبدولواحید و ئاڵا تاڵەبانی ناتوانن ئەو ڕێککەوتنە تێک بدەن، بەڵام عێراق نییەتی ڕوون و شەفاف نییە و عەبادی نایەوێ ئەو دەنگە ناڕازی و دژانەی هەرێمی کوردستان نەمێنن، بۆیە هەر کاتێک ئەوانە دەچنە بەغدا ئەو پێشوازییان لێ دەکات".
لەبارەی پێویستیی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، ئیسلام حوسێن جەختیشی کردەوە: "ئێستا ڕێککەوتن گرنگە، چونکە هیچ چارمان نییە و هەموو ئەو وڵاتانەی لە ڕاگەیاندنەکانەوە پشتگیری و ستایشی کوردیان دەکرد، لە دوای 25ی ئەیلوول پشتیان لە کورد کرد”.
باسنيوز
