جەماعەتی یەکێتی نیوەی حکوومەتی بەدەستەوەیە و لەگەڵ خۆپیشاندەرانیش دەنگ هەڵدەبڕێ
لەمبارەیەوە فازڵ بەشارەتی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "سەرکەوتنی یەکێتی بەسەر شەپۆلی ناڕەزایەتییەکاندا ناڕەوایە، لەبەر ئەوەی یەکێتی دەبێ بزانێ شوێنی ئەو لە کوێیە و بەرپرسیارێتی چییە؟ چونکە بەرپرسیارێتیی یەکێتی، چارەسەرکردنی کێشە ئابووری و قەیرانە سیاسییەکانی ناوخۆی کوردستانە".
بەشارەتی ڕەخنەی توندی لە سەلیم شووشکەیی گرت و ڕای گەیاند: ”ئەو کەسەی لەناو خەڵک دەستی بە (ئەڵاهو ئەکبەر) کرد، موزایەدەچی و ئاژاوەگێڕە لەناو ھەرێمی کوردستاندا، چونکە ئێستا دەزانن دۆخەکە ڕووی لە چارەسەرە و من دڵنیام چارەسەر دەکرێ، بەڵام ئەوان دەیانەوێ دۆخەکە تێک بدەن و چارەسەر نەبێت، تا دواتر بڵێن بە فشار چارەسەرمان کرد، بۆیە ناکرێ ئەو لایەنانە "لەگەڵ مەڕدا شین بکەن و لەگەڵ گورگیش شایی".
ئەو سەرکردەکەیەی پارتی دەشڵێت: "ئەگەر ڕاستیت دەوێ، یەکێتیی نیشتمانی ھەر بە ڕەمز لەگەڵ حکوومەت دایە و ناتوانێ کۆنترۆڵی ئەندام و لایەنگرانی خۆی بکات، لە کاتێکدا یەکێتی بەشێکی تەواوی کوردستان، بەشێکی داھات و بەشێکی بەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستانی بەدەستە، ناکرێ بەم چەشنە مامەڵە بکات، پێموایە ئەوەی یەکێتی دەیکات، ۱۰۰٪ شکاندنی ھەیبەتی خۆیەتی لەناو دەسەڵات و ئیدارەی ئەمڕۆی کوردستاندا".
باسنیوز
