پەرلەمانتارێك: سەلیم شووشكەیی مێردمنداڵی كوردی رەوانەی نێو گرووپە توندڕەوەكان كردووە

پەرلەمانتارێك: سەلیم شووشكەیی مێردمنداڵی كوردی رەوانەی نێو گرووپە توندڕەوەكان كردووە
شاخەوان عەبدوڵا پەرلەمانتاری عێراق، مەلا سەلیم شووشكەیی تۆمەتبار دەكات بە ناردنی مێردمنداڵی كورد بۆ نێو گرووپە توندڕەوەكان، پێشنیاریش دەكات ببێتەوە بە مەلا و كاری پەرلەمان بۆ خەڵكی شارەزا بەجێ بێڵێت. دەشڵێ ئەگەر لەم چوار ساڵەی پەرلەمانتاریەتیدا یەك قسەشی لەنێو پەرلەماندا كردووە، با ڤیدیۆكەی بڵاوكاتەوە.



سەلیم شووشكەیی پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی كۆمەڵ ئەمڕۆ لە رادیۆیەكدا وەڵامی رەخنەكانی شاخەوان عەبدوڵا پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دابووەوە و گوتبووی پێش خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر گوایە بەرگری لە كەركووك دەكات و ئێستەش ناتوانێ بچێ دیشلەیەمەك لە رەحیماوا بخواتەوە.


لە وەڵامدا شاخەوان عەبدوڵا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی "خواردنەوەی دیشلەمە، وەڵام نییە، دەبوایە كاكە سەلیم یەک گرتەیی ڤیدیۆیی دابگرتایە و بیگوتایە ئەوەتا من لە پەرلەمان فڵانە رۆژ قسەم کردووە و داوای مافی خەڵکی کوردستانم کردووە".


پەرلەمانتارەكەی پارتی لە وەڵامەكەیدا تۆمەتێكی ساڵی 2014ی وەبیر خەڵك هێناوەتەوە، كە ئاماژە بەوە دەكرا مەلا سەلیم كۆمەڵێك گەنجی هەولێری رەوانەی نێو داعش كردووە. شاخەوان عەبدوڵا نووسیویەتی "ئیشی من دیشلەمە خواردن نییە، چونکە هیچ کات مەجالی ئەوەم نەبووە وەک جەنابت دەستم بەتاڵ بێت و خەریکی دیشلەمە خواردن بم و لە پەنای خواردنەوەی دیشلەمەکەیشەوە، گەنج و مێرد منداڵەکانی کورد هان بدەم لە دژی هەرێمەکەم و رەوانەی ناو گرووپە توندڕەوەکانی بکەم".


پەرلەمانتارەكەی پارتی پێشنیار بۆ پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی ئیسلامی دەكات كە داوایەک پێشکەشی حزبەکەی و هاوپیشەکانی بکات "بڵێ لەبەر ئەوەی ئەرکی ئێمە لەناو مزگەوتەکانە لە رێنماییکردن و ئاراستەکردنی کۆمەڵگایە بۆ کاری خێر و چاکە، داوا دەکەم خەڵکی پسپۆر بنێرنە بەغدا لە بواری یاسا و دارایی و ئاسایش و تەندروستی، چونکە بوونی ئێوە لە لیژنەی ئەوقاف، جگە لە دابینکردنی کورسییەکی حەج بۆ خۆتان، هیچ چالاکییەکی ترتان پێ ناکرێت لە بەغدا و رێگە بۆ پسپۆرێک لەو بوارە چۆڵ بکەن، بەڵکو لە بەغدا سوودێک بە میللەتەکەمان بگەیەنێت".


شاخەوان عەبدوڵا دەڵێ "کاکە سەلیم، من جوانترین دە ساڵی تەمەنم لە حەویجە و رەشاد و ریاز و گەڕەکی حوزەیران و واستی و دۆمیز و عەسکەری شاری کەرکووک بەرێکرد بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی شارەکەم، لەو پێناوەشدا چەندین رووبەرووبوونەوەم لەگەڵ قاعیدە و ئەنسار و نەقشبەندی و دواتریش داعش بینیوە، هێشتا برینەکانی خۆم و برام و پاسەوانەکانم و ئەو قارەمانانەی لەگەڵم بوون، بە تەواوی سارێژ نەبوون، هێشتا شوێنی فیشەکەکانی پاری رووبەرووبوونەوەمان لەگەڵ داعش بە ئۆتۆمبێلەکەمانەوە ماوە، ئیشی من لە کەرکووک کوشتن و راوەدوونانی تیرۆریستان بووە، لە پێناو پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیانی شارەکەم، بۆیە قەت مەجالی دیشلەمە خواردنم نەبووە، ئێستەش کە ناچمەوە کەرکووک، نامەوێ دان بەو دۆخەدا بنێم و دڵنیابە هەرکات ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی کەرکووک دەستپێبکات، شان بەشانی هێزە ئەمنییەکان لە پێشەوە دەبین بۆ گەڕانەوەی شکۆ و ئاڵا بۆ خەڵکی شارەکەم کە لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەدەستی داوە".


دەشڵێ "هەر جووڵەیەکی خەڵکی شارەکە دەستی پێکرد لە راپەرین و خۆپێشاندان بۆ گەرانەوەی شەرعیەت و شکۆ بۆ خەڵکی شارەکەم، دیسان لە پێشی ئەو خەڵکە قارەمانە دەمانبینن، هەر لەبەر هۆکاری رەتکردنەوەشمان بۆ زەلیلی و ژێر دەستی بوو لە سەردەمی بەعس لە کەرکووک دەرکراین و ٢٠ ساڵم لە ئاوارەیی بەسەربرد تا روخانی رژێم لە ٢٠٠٣".


جێی باسە مەلا سەلیم پێش دوو رۆژ خۆی خزاندبووە نێو خۆپێشاندانی مامۆستایان و كارمەندانی تەندروستی لە هەولێر، لە پاڵ هوتافەكانی روخاندنی حكوومەت تەكبیری ئەڵاهوئەكبەری لێدەدا.
bas news-
Top