پەرلەمانی عێراق، لەبارەی مڵکی کوردستانیان بڕیار دەدات
خۆشەوی خەلیل، پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، سەرباری ئەوەی ھێشتا کارنامەی کۆبوونەوەکە دیار نییە، بەڵام وەک فڕاکسیۆنە کوردستانییەکان بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا دەکەن.
خەلیل لە لێدوانیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان پێی وایە کە ئامادەیی پەرلەمانتاران بۆ تەواوبوونی ڕێژەی یاساییی دانیشتنەکەی پەرلەمان ڕوون نییە، چونکە ژمارەیەکی بەرچاوی پەرلەمانتاری باشووری عێراق دووبارە خۆیان کاندید کردووەتەوە و سەرقاڵی پڕۆپاگندەی ھەڵبژاردنەکانن و ئامادەی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان نابن.
گوتیشی "ژمارەیەک پڕۆژەیاسا ئامادە کراون لە پەرلەمان، دکتۆر سەلیم جبووری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش دەیەوێ وەک دەستکەوتێک بۆخۆی و بەر لە تەواوبوونی خۆلی پەرلەمان، پڕۆژەیاساگەلێک پەسەند بکات."
خۆشەوی خەلیل هەروەها گوتی "پڕۆژەیاسایەکی گرینگ لەبارەی مڵک و ماڵ لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادە کراوە و پێموایە یاساکە جگە لەوەی گرینگە، پەیوەندی بە داھاتووی میللەتی کوردەوە ھەیە لەو سنوورانەی دەکەونە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، لەبەر ئەوەش سبەی قسەی خۆمان دەبێت و رێگە نادەین بەبێ بەرژەوەندیی ئێمە تیێپەڕێنن."
kdp-
