کرمانج عەبدوڵڵا: مەترسی ھەیە داعش دزە بکاتە نێو مەخموور

 	 کرمانج عەبدوڵڵا: مەترسی ھەیە داعش دزە بکاتە نێو مەخموور
داعش لە سنووری قەزای مەخموور دەستی بە جوولە کردووە و بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێ، مەترسی ھەیە داعش دزە بکاتە نێو سەنتەری قەزای مەخموور دوای نەمانی پێشمەرگە لە سنوورەکە داعش چالاکی ھەیە.



کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ٢٣ی مەخمووری پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "گرووپی تیرۆریستیی داعش دوای کشانەوەی پێشمەرگە و داگیرکاریی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان گەڕاوەتەوە سنووری دەڤەری قەراج و ئێستا چەکدارانی داعش چالاکیی زۆریان ھەیە لە سنووری قەزای مەخموور، چونکە ئەو سنوورەی دەکەوێتە نێوان ناحیەی قەراج و ناحیەی شەرگاتی سەر بە نەینەوا شوێنی حەوانەوەی داعشەکانە، بەڵام لە چیای قەرەچۆخ داعش نەماوە، چونکە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ھێزی پێشمەرگەدایە و داعش ناتوانێت بگەڕێتەوە ئەو ناوچانەی پێشمەرگە دەیانپارێزێت."



ناحیەی قەراج سەر بە قەزای مەخموورە و یەکێک لەو ناوچە کوردستانییانەیە لە لایەن بەغداوە داگیر کراوە، لە سێ ساڵی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا ھێزی پێشمەرگە چەندین گورزی لە چەکدارانی داعش دا و ببووە قەلای بەرگری لە خاکی کوردستان.



لەبارەی مەترسیی داعش بۆ سەر سەنتەری قەزای مەخموور بەرپرسی لقی مەخموور گوتی: "داعش ھەرکاتێک بیەوێ دەتوانێ دزە بکاتە نێو قەزای مەخموور، لەبەر ئەوەی پێشتر سەنگەری پێشمەرگە بەربەستێکی تۆکمە بو داعش نەیدەتوانی دزە بکات، بەڵام ئێستا ئەو بەربەستە نەماوە و چەکدارانی داعش دەتوانن بە ئاسانی چالاکی بکەن، بە پێی زانیارییەکانی ئێمە ھەر لە قەزای دوبزەوە تا قەراج و دەچێتە دیوی سنووری مووسڵ بەئاشکرا داعش دەبینرێن و ھێزیان ھەیە."



کرمانج عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "داعش لە سنووری مەخموور ناوە ناوە ھێرشی سەر ھێزە عێراقییەکان و ملیشیاکانی حەشدی شەعبی دەکات و ھێزە عێراقییەکان توانای بەرەنگاربوونەوەیان نییە، دەتوانم بڵێم عێراق ئەو ھێزەی نییە داعش لەو سنوورە بنبڕ بکات."
kdp-
Top