خەلیل ئیسماعیل: شەڕێکی بە وەکالەت بەڕێوەیە
دکتۆر خەلیل ئیسماعیل، پڕۆفیسۆر و مامۆستای زانکۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "گرژیی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا زۆر لەوەی پێشبینی دەکرا زیاتر تەشەنەی کرد و، ئەمریکا توانی ژمارەیەک وڵاتی دیکەی وەک بەریتانیا و فەرەنسا لەگەڵ خۆی ھاوڕا بکات بۆ دژایەتیکردنی ڕووسیا، ئەو ڕووداوانەی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا لە ناوچەکە ئەوەمان بۆ دەردەخات شەڕێکی گەورەی سارد بەڕێوە دەچێت، ئاڵۆزبوونی پەیوەندیی ڕووسیا و ئەمەریکا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کاریگەرییەکی زۆری کردووەتە سەر جیھان بەگشتی و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت، ئەمەریکا جگە لە ڕووسیا سیاسەتێکی توندی بەرامبەر ئێران و کۆریای باکووریش ھەیە، لەبەر ئەوەی سیاسەتی ئێستای ئەمەریکا لەگەل جیھانی دەرەوە زۆر جیاوازترە لەوەی ساڵانی ڕابردوو، چونکە لە سەردەمی ئوباما زیاتر گرنگی بە کێشە نێوخۆییەکانی وڵاتەکەی دەدا، بەپێچەوانەوە لەوەتەی ترامپ جڵەوی دەسەڵاتی وەرگرتووە، زیاتر دەپڕژێتە سەر سیاسەتی دەرەوە و لە سزادانی ئێران و کۆریاوە دەستی پێ کرد و ئێستاش ڕەوشەکە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار لە نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا.
ڕۆژانی ڕابردوو ئەمەریکا و ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپا دیپلۆماتە ڕووسییەکانیان لە وڵاتەکانیان دەرکرد و ھەڕەشەی ئەوەیان لە ڕووسیا کرد ئەگەر لەسەر سیاسەتی ئێستا بەردەوام بێت، بێدەنگ نابن".
ئەو پڕۆفیسیۆرە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "دەرکردنی دیپلۆماتە ڕووسەکان لە لایەن ئیدارەی ترامپەوە ھێندەی تر ڕەوشی نێوان ئەو وڵاتەی ئاڵۆزتر کردووە، ئەگەر بێت و پاشەکشە لە ھەڵوێستەکەیاندا نەکەن ئەوە پێشبینی ڕووداوی مەترسیدار دەکرێت و جیھان دەکەوێتە مەترسییەوە."
دکتۆر خەلیل ئیسماعیل ڕوونی کردەوە: "شەڕی گەورە ڕاستەوخۆ لە نێوان دوو دەوڵەتی زلھێزی جیھان وەک ڕووسیا و ئەمەریکا بەدوور دەبینم، چونکە لە بەرژەوەندیی ھەردوولادا نییە، بەڵام دوای جەنگی جیھانیی دووەم شەڕی سارد دەستی پێ کردووە، ئەو شەڕی ساردە ئێستا گەرمتر بووە، لەبەر ئەوەی جیھان بووەتە دوو سەربازگەی گەورە، سەربازگەیەک لە لایەن ڕووسیاوە پشتگیری دەکرێت لە ڕووی ماددی و دارایی و سەربازییەوە، بە ھەمان شێوە سەربازگەیەکی دیکە لە لایەن ئەمەریکاوە پشتگیری و ھاوکاری دەکرێت، ھەرچەندە دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤییەتی پێشوو شەڕی سارد پاشەکشەی کردبوو، بە ھۆی لاوازبوونی ڕووسیا و ئەمەریکا بووەتە حاکمی ڕەھای جیھان، کەچی ئێستا ڕووسیا بەھێز دەبێتەوە و شەڕەکە دووبارە دەستی پێ کردووە."
kdp-
