لە خۆپیشاندانەکانی دهۆک شەش کەس برینداربوون
لە سەنتەرى شارى دهۆک، قەزای ئاکرێ و شارۆچکەی دێرەلووک مامۆستایانی ناڕازی گربوونەوەیان ئەنجامدا، دواتر شەڕ لە نێوان خوپیشاندەران و پۆلیس روویداو، بەهۆیەوە شەش کەس برینداربوون.
رۆژی سێشەممە 27-3-2018، لەبەردەم پەروەردەی دهۆک ژمارەیەک مامۆستا گردبوونەوە و دواتر دەمەقاڵێ لەنێوان پۆلیس و مامۆستایان روویدا، بەهۆیەوە مامۆستایەک برینداربوو.
بەدەل عەبدولباقى، نوێنەرى خۆپیشاندەران لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو مامۆستایەی برینداربووە ناوى (ئەفراز جەلیل)ـە، سکاڵای لەسەر سێ پۆلیس لە بنکەی پۆلیسی خەبات تۆمارکردووە".
هاوکات لە قەزای ئاکرێش مامۆستایانی ناڕازی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، بەهۆیەوە دوو رۆژنامەڤان بە سووکی برینداربوون و لە شیلادزێش مامۆستایانی ناڕازی گردبوونەوە و لەئەنجامی دەمەقاڵێی نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران مامۆستایەک برینداربوو.
بەپێ زانیارییەکانى رووداو هەر چوار بریندارەکە رەوشی تەندورستییان باشە و سکاڵایان لەسەر پۆلیس تۆمارکردووە.
هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک لەبارەی خۆپیشاندانەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە لە هیچ کەسێکمان نەداوە و تەنها ئەمنییەتی خۆپیشاندانەکانمان پاراستووە، جگە لەو چوار کەسەی برینداربوون دوو پۆلیسی ئێمەش لەکاتی خۆپیشاندانەکان برینداربوونە و سکاڵامان لەسەر هێرشکارەکان تۆمارکردووە".
لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە خۆپیشاندان هەیە، کە بە یاسای (رێکخستنی خۆپیشاندان) ژمارە 11ـی ساڵى 2010 ناسراوە و، خۆپیشاندانەکان رێکدەخات و شێواز و کات و ئامانجى خۆپیشاندان بە وردى دیارى دەکات.
رۆژی 25ـ3-2018 لە چەند شارێکی کوردستان مامۆستایان بۆ نەمانی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و لەهەندێک شوێندا لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان، گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو.
rudaw -
