ديندار زێباری: حکومەتی هەرێم ئامادەیە بۆ لێکۆڵینەوە لە هەر پێشێلکارییەک کە بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئەنجامدرابێت
لە بارەی خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی چەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتی وتی: لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە خۆپیشاندان هەیە کە بە یاسای (رێکخستنی خۆپیشاندان) ژمارە (١١)ی ساڵى(2010) ناسراوە، کە خۆپیشاندانەکان رێک دەخات و شێواز و کات و ئامانجى خۆپیشاندان بە وردى دیارى دەکات.
بەپێى ئەم یاسایە خۆپیشاندان مافێکى یاسایى و دەستوورییە لەلایەن هاووڵاتیانەوە پیادە بکرێت، بۆیە هەر خۆپیشاندانێک لە هەرێمى کوردستان ئەنجام بدرێت پێویستە مۆڵەت وەربگیرێت بۆ ئەنجامدانی. لە ماوەی ساڵانی رابردوو دەیان خۆپیشاندانی جیاجیا لە کوردستان ئەنجام دراوە لەلایەن قوتابیان و مامۆستایان و ڕۆژنامەنووسان و بەڵێندەران و چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا و تێیدا داوای مافی رەوای خۆیان کردووە. دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتیش ئەرکی پاراستنی خۆپیشاندانەکانیان ئەنجامداوە، تەنانەت زۆر جار مافی دامودەزگا و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانیش پێشێلکراوە.
سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی مامۆستایانی هەولێر دیندار زێباری وتی: لەو خۆپیشاندانەدا چەند لەلایەنێکی سیاسی هەوڵیانداوە سوود لە داوا رەواکانی خەڵک بەتایبەتی چینی مامۆستایان وەربگرن و خۆپیشاندانی مامۆستایان بە لاڕێدا ببەن بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان، هەرچەندە کەسانێکی گێرەشێوێن خۆیان خزاندبووە نێو خۆپیشاندەران بۆ ئیستفزاز کردنی لایەنە ئەمنییەکان بە جنێودان و قسەی ناشیرین، تەنانەت ژمارەیەک پەرلەمانتاری سەر بە چەند لایەنی سیاسی لە نێو خۆپیشاندەران ئامادەبوون و بە و شەی نەشیاو و هوتاف کێشان و بەرزکردنەوەی دروشمی هاندان بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی خۆیان وەک نوێنەری مامۆستایان ناساند، بەڵام خودی خۆپیشاندەران رازی نەبوون بەم رەفتارانە و ئاگاداریان کردبوونەوە کە پێویستە لە پەرلەمان بەرگری لە خەڵک بکەن بەتایبەتی بە دەرکردنی یاساکان، نەک لێرە هەوڵ بدەن نارەزایی خەڵک بۆ مەرامی سیاسی بقۆزنەوە. سەرەڕای ئەمەش دەزگا ئەمنییەکان بە شێوەیەکی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ کردوون بۆ ئەوەی خۆپیشاندانەکە لە مەبەستی سەرەکی خۆی دوورنەکەوێتەوە.
سەبارەت بە توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران و دەستگیرکردنی ژمارەیەکیان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە د. دیندار زێباری وتی: ژمارەیەک لە خۆپێشاندەران لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون و دراونەتە دادگا بە تۆمەتی ئەوەی کە کاری تێکدەرانەیان ئەنجامداوە و خوودی خۆپیشاندانەکەش مۆڵەتی یاسایی نەبووە، تەنانەت بەشێک لە خۆپیشاندەران هێرشیان کردۆتە سەر کارمەندێکی پۆلیس و بە چەقو برینداری کردووە و ئێستا ئەم کارمەندە سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کەسە تۆمار کردووە، چونکە ئەو کەسەی کە هانی داوە بۆ لێدانی ئەو کارمەندەی پۆلیس سەر بە لایەنێکی سیاسی بووە و ئەوەی لێشیداوە سەر بە لایەنێکی سیاسی دیکە بووە و ئەوانیش ناسراون، بەڵام تا ئێستا هیچ سکاڵایەک لەسەر هێزە ئەمنییەکان تۆمار نەکراوە لەلایەن هیچ کەسێکەوە. لەلایەکی دیکەوە هێزە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم ئامادەن بۆ لێکۆڵینەوە لە هەر پێشێلکارییەک کە بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئەنجامدرابێت.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم وتی: بەپێى یاسای خۆپیشاندانی هەرێمی کوردستان ئەرکی هێزە ئەمنییەکانە کە ئارامی و سەقامگیری و گیانی هاووڵاتیان و خۆپیشاندەران بپارێزن لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان و رێگا گرتن لە هەر پشێوی و گێرەشێوێنییەک کە ببێتە هەڕەشەی لەسەر گیان و سەروماڵی هاووڵاتیان و دامودەزگاکانی حکومەتی و موڵکی گشتی. لایەنە ئەمنییەکان هاریکار بوون سەرەڕای ئەوەی کە لە ئەنجامی ئەم خۆپیشاندانانەی پێش ماوەیەک لە چەند ناوچەیەکی سلێمانی ئەنجامدرا زەرەرو زیانێکى زۆریان بە موڵکی گشتى و دامودەزگاکانی حکومەت گەیاندووە لە ئەنجامی ئەو هێرشەی کرایە سەر ئەو دامودەزگایانە ئەمە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ئاسایش وەک ئەندامانی (الضبط القضائی) لە کاتی روودانی پشێویدا مافی راگرتنی هاووڵاتیانی بەشدار بووی خۆپیشاندانیان هەیە تا ئەو کاتەی دۆسییەکەیان رەوانەی دادوەر دەکرێت.
خه ليل بله يى
