لەبارەی سیستەمی پاشەکەوتی مامۆستایان وەزارەتی خوێندنی باڵا پڕۆژەیەک بە ئەنجومەنی وەزیران دەدات

 لەبارەی سیستەمی پاشەکەوتی مامۆستایان وەزارەتی خوێندنی باڵا پڕۆژەیەک بە ئەنجومەنی وەزیران دەدات
ئەمڕۆ سێشەممە، 27\3\2018، ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەسەرپەرشتیی وەزیری خوێندنی، کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا و پڕۆژەیەکیان بەمەبەستی چارەسەرکردنی پرسی کێشەی دارایی و مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تاوتوێ کرد.

لە راگەیەندراوێکدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەوەی خستووەتەڕوو، کە لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا، یەکێتیى مامۆستایان پڕۆژەیەکیان گەلاڵەکردوە وێنەکیان ڕەوانەى وەزارەت کردووە، بۆ ئەوەش د. یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا، داواى لە ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەت کرد پڕۆژە و بۆچوونەکانیان لەبارەى چۆنیەتى ئامادەکردنى پڕۆژەیەک بۆ باشکردنى مووچەى مامۆستایان و فەرمانبەران بخەنەڕوو، لەمبارەوەش ئەنجومەنى وەزارەت داواکارییەکەى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستانى بەرزنرخاند.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنى وەزارەتی خوێندنی باڵا، پێشوازى لە نوێنەرى مامۆستایان و فەرمانبەرانى خۆپیشاندەر کرد، کە لەبەردەم وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گردبووبونەوە، نوێنەرى مامۆستایان و فەرمانبەران لە یادشتەکەیاندا، کە لەبەردەم ئەنجومەنى وەزارەت خوێندیانەوە داواى هەڵوەشاندنەوەى سیستەمى پاشکەوتى مووچە و، گێڕانەوەى شایستە داراییەکانى مامۆستایان و فەرمانبەرانى زانکۆکانیان کرد، ئەوەش لە ڕێگەى ژمارەى بانکى تایبەت بەهەر مامۆستا و فەرمانبەرێک.

لە راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا، جەختی لەوەش کردووەتەوە، سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت و ئەندامانى ئەنجومەن پاڵپشتى و پشتیوانى خۆیان بۆ داواى مامۆستایان دووپاتکردەوە، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە داواکانیان لە چوارچێوەى پڕۆژەی وەزارەت جێیى دەکاتەوە و بۆ سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزارەت بەرزى دەکاتەوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەندا، جەختی لەوەش کردەوە، کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە جێبەجێکردنى سیستەمى پاشکەوتى مووچە جیاواز لە وەزارەتەکانى دیکە زەرمەندى یەکەم بووە، بەشێوەیەک لە هەندێک کاتدا ڕێژەى پاشکەوت گەیشتۆتە 80%، بۆیە جەخت لە پشتگیرى و داواکارى مامۆستایان و فەرمانبەران دەکاتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوە و چارەسەرکردنى سیستەمى پاشکەوتى مووچە و، دانانى میکانزمێکى تر بۆ چارەسەرکردنى مووچە، هەروەها مووچە پاشەکەوتکراوەکان.








باسنيوز
Top