کاروانی سێیەمی چەکدارە توندڕەوەکان لە غوتە دەرچوو

 کاروانی سێیەمی چەکدارە توندڕەوەکان لە غوتە دەرچوو
میدیاکانی رژێمی سووریا بڵاویان کردووەتەوە، کە کاروانی سێیەمی چەکدارە توندڕەوەکان و کەسوکارەکانیان، لە غوتەی رۆژهەڵات لە گوندەوارەکانی دیمەشق دەرچوو.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (سانا)ی فەرمیی رژێمی سووریا، کاروانی سێیەم لە شەش هەزار و 749 کەس، کە 1620یان چەکداری گرووپە توندڕەوەکان بوون، پێکهاتووە و درەنگانی شەوی دووشەممە 26/3/2018 بە 100 پاس لە غوتە دەرچوو.

ئەو چەکدارە توندڕەوانە بەپێی رێککەوتنێکی ئۆپۆزیسیۆن و سوپای رووسیا، ناوچەکانی جوبەر، مەلەکا، عەربین و عەین تەرما لە غوتەی رۆژهەڵات چۆڵ دەکەن و بە چاودێریی مانگی سووری عەرەبیی سووری، دەگوازرێنەوە پارێزگای ئیدلیب لە باشووری رۆژئاوای شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان و جێگیر دەکرێن.

تا ئێستا دوو قۆناغی دیکەی ئەو چەکدارانە و خێزانەکانیان لە غوتە چوونەتە دەرەوە، کە بە هەردوو قۆناغ، شەش هەزار و 416 کەس بوون و بە 98 پاس براونەتە دەرەوە.

غوتە لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارییە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای رژێم و هاوپەیمانەکانیشی، سەرەڕای سەدان هێرش، نەیانتوانیوە ئەو ناوچەیە بە تەواوی کۆنتڕۆل بکەنەوە.

هاووڵاتییانی مەدەنیی غوتە حەوت ساڵە لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین، بەهۆی گەمارۆی هێزەکانی رژێمی سووریا و شەڕ و ململانێی چەکدارەکانی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان.

لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.

بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.











باسنيوز
Top