پشتیوان سادق: لە نزیکترین کاتدا پێداچوونەوەی جددی بە پاشەکەوتی مووچە دەکرێت

 پشتیوان سادق: لە نزیکترین کاتدا پێداچوونەوەی جددی بە پاشەکەوتی مووچە دەکرێت
وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە ئایندەیەکی نزیکدا پێداچوونەوەی جددی بە مووچەی مامۆستایان و تەواوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا دەکرێت.



پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی وتەیەکیدا کە لە کاتی کردنەوەی قوتابخانەیەکی نۆژەنکراوەدا پێشکەشی کرد، ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە هەموو کەسێک درک بە سەختیی ژیانی مامۆستایان بکات و ڕای گەیاند: ”وەکوو حکوومەت و وەزارەتی پەروەردە، لە دۆخی مامۆستا تێدەگەین و مافی خۆیانە بە شێوازێکی مەدەنییانە داوای مافی خۆیان بکەن“.



ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆبوونەوەی بەردەوامیان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و ”ئەمڕۆش کۆبوونەوە هەیە“. ئاشکرای کرد: ”لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا پێداچوونەوەیەکی جددی لە مووچەی هەموو فەرمانبەران و مامۆستایان بە تایبەت دەکات و ڕەچاوی دۆخی مامۆستایان دەکات“.



پشتیوان سادق باسی لە خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان کرد و نەیشاردەوە کە ”داخوازیی مامۆستایان ڕەوایە و خۆمان بە داکۆکیکەری مافەکانیان دەزانین“. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوەی نیگەرانیان دەکات، ئەوەیە کە کەسانی سیاسی و کاندیدەکان دەیانەوێت سۆزی ناسکی مامۆستا و مافە ڕەواکانیان بۆ مەرامی هەڵبژاردن بقۆزنەوە، ”هەروەک لە کوردستان دەیبینین“.



لەبارەی ڕووداوی لێدان لە مامۆستایەکی خۆپیشاندەر، وەزیری پەروەردە ڕای گەیاند: ”ئەوەی لە هەولێر بەرامبەر مامۆستایەک ڕووی دا، لە ناخەوە هەمووانی هەژاند، بەڵێن دەدەین پارێزەری مافی ئەو مامۆستایە بین و بەدواداچوونی جددی دەکەین. داواش دەکەم ئەو کەیسە لە ڕووی سیاسییەوە نەقۆزرێتەوە، ئێمە خاوەنی ئەو دۆسیەین و خاوەنیشی دەبین“.




باسنیوز
Top