بەرپرسێکی پێشووی یەکێتی: خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر زیانێکی گەورەی لە کورد داوە
حەسەن بارام، جێگری پێشووی لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە بەھۆی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە وازی لە ڕیزەکانی یەکێتی ھێناوە و ئێستا لەگەڵ هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، کاری سیاسی دەکات، ڕاگەیاند: ”بەھۆی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و فرەلیستیی نێوان پارت و لایەنە سیاسییەکان، ھەروەھا بەشداری نەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە شاری کەرکووک، ئەمانە ھەمووی ھۆکاری ئەوەن کە پێگەی کورد لاواز دەبێت، بەجۆرێک، کورد ئەمجارە ناتوانێت دەنگەکانی پێشووی بەدەست بھێنێتەوە، ئەگەر ئەوەش ڕووبدات، بەزیانێکی گەورە بەسەر کورددا دەشکێتەوە“.
ئەو بەرپرسەی پێشووی یەکێتی، ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەگەر خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر نەبوایە یان کورد لەناو خۆیدا یەکدەنگ بوایە، ”بێگومان کورد وەک جاران پێگەیەکی بەھێزی دەبوو، بەڵام ئەگەر ئێستاش کورد لەسەر کەرکووک یەک ھەڵوێست بێت، یان ھەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا لە پرسی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان ھەماھەنگیی باشیان ھەبێت، ئەوکاتە ئایندەی کەرکوک وەکجارانی لێ دێتەوە، بۆیە نابێت چیتر ڕێگە بدەین کەرکووک وەک کەلاکێک بێت لە بەردەم بەغدا، یان بەغدا ھەر ڕۆژەی بەجۆرێک ئەو شارە بچووک بکاتەوە و دامودەزگا ئەمنییە کوردییەکانی دەربکات و سووکایەتی بە خەڵکەکەی بکات“.
جەختی لەوەش کردەوە: ”ئەگەر کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەر نەبووایە، کورد وەک ھێزێکی کاریگەری بەھێز لەناو شاری کەرکووک دەمایەوە، ھەروەھا دەنگەکانمان پەرتەوازە نەدەبوون، چونکە پێشتر کورد لە ناوچە کێشە لەسەرەکاندا ھەشت کورسی پەرلەمانی عێراقی ھێناوە، بەڵام ئێستا ئێمە ئەو کورسییانە ناھێنین، دواتر دەنگی عەرەب و تورکمان بەھەر ئامرازێک بێت، زیاد دەکات، بۆیە ھەموو ئەوانە کاریگەریی خراپیان دەبێت، بۆ چارەنووسی گەلی کورد“.
حەسەن بارام، بەرپرسی پێشووی یەکێتی، بۆ (باسنیوز) گوتیشی: ”کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەر کارەساتێکی گەورەیە کە بەسەر میلەتەکەماندا ھاتووە، پێویستە لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکرێت کە دەستیان لە ئەنجامدانی ئەو کارەساتە ھەبووە، چونکە ناکرێت کەرکووک کە دڵی کوردستان بووە، بەھۆی کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە کورد خۆی بەخاوەنی نەزانێت“.
ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، کەرکووک کەوتە ژێر دەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق، دواتر ھەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی و شێخ جەعفەر مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و فەرماندەی یەکەی ٧٠ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئاشکرایان کرد کە گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەمەدا بەرپرسیارن و ڕێککەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق کردووە و بەو ھۆیەوە سەدان پێشمەرگە و ھاووڵاتی شەھید و بریندار بوون و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەسیش ئاوارە بوون.
باسنیوز
