حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستکاری مووچە دەکات

 حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستکاری مووچە دەکات
بەمەبەستی ئامادەکاریکردن بۆ پێداچوونەوە بە پاشەكەوتی مووچە، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەسەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی كۆدەبێتەوە. وەزیری پەروەردەش دەڵێت: "حکومەت دەستکاری مووچەی فەرمانبەران دەکات".

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، رۆژی سێشەممە27-3-2018، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی وەزیران بەسەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی ‌و بەئامادەبوونی چەند وەزیرێك كۆدەبێتەوە.

بەپێی سەرچاوەکە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، رێباز حەملان، وەزیری دارایی، ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەكان، عەلی سندی، وەزیری پلاندانان، ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، عوسمان شوانی، سكرتێری ئەنجوومەنی ئابووری ‌و نووری عوسمان، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون بەشداردەبن.

سەرچاوەكە باسی لەوەش كرد کە كۆبوونەوەكە بەمەبەستی چۆنییەتی پێداچوونەوەیە بە پاشەكەوتی مووچە ‌و ئەو پێشهاتە ئابوورییانەی بەم دواییە هاتوونەتە ئاراوە.

هاوکات پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بەڵێنی بە مامۆستایان دا بەزووترین کات دەستکاری مووچە بکرێت و رایگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەزووترین کات بە سیستەمی پاشەکەوتی مووچەدا دەچێتەوە".

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لەکاتێکدایە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 29ی ئادار، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەکەوتی مووچە کۆببێتەوە. هەروەها لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانیش مامۆستایان و بەشێک لە فەرمانبەران بایکۆتیان راگەیاندووە و رۆژانەش گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن.


بڕیارە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ، فرۆشتنی نەوت و ئەو پارەیەی لە بەغدا دێت، بڕیار لەسەر پاشەکەوتی مووچە بدات.

ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە بڕی 317 ملیار و 540 ملیۆن و 465 هەزار دیناری لە حکومەتی عێراقەوە پێدەگات، خۆیشی بایی 375 ملیۆن دۆلار نەوت دەفرۆشێت، 125 ملیۆن دۆلاریش داهاتی ناوخۆی هەیە، ئەمریکاش مانگانە نزیکەی 30 ملیار دینار بۆ پێشمەرگە دەنێرێت، کۆی گشتیش دەکاتە نزیکەی 847 ملیار دینار، لەکاتێکدا بەپێی راگەیێندراوی حکومەت؛ بۆ دابینکردنی مووچەی یەک مانگ بەبێ پاشەکەوت، پێویستی بە نزیکەی 900 ملیار دینار هەیە.

دڵشاد شەهاب، راوێژکاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە بە رووداوی راگەیاند: "باڵانسێک دروستدەکرێت لەو زیادەیەی لە داهاتەکان دروستبووە، بۆ پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەکەوتی ناچاریی مووچە".

هەرچەندە بەپێی لێکدانەوەی ئەو پارەیەی دەست حکومەت دەکەوێت، بودجەی مانگانەی حکومەت بەشی مووچەی تەواوەی فەرمانبەرانی ناکات، جگە لەوەش نزیکەی 100 ملیار دینار خەرجیی هەیە، بەڵام دەتوانێت لەڕێگەی ئەنجامدانی چاکسازییەوە ئەو بڕە پارەیە کەمبکاتەوە، بەوپێیەی لەکاتی گفتوگۆکانی دەرباری پرۆژەیاسای چاکسازی مووچە و خانەنشینی، وەزیری دارایی و ئابووری رایگەیاند بە پەسندکردنی پرۆژەکە، مانگانە نزیکەی 150 ملیار دینار بۆ گەنجینەی حکومەت دەگەڕێتەوە.

پێشتر عیزەت سابیر، سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "مانگانە 140 ملیار دینار دەدرێتە دەرماڵەی مەترسی، ئەمەش بە نادادپەروەرانە دابەشدەکرێت، بۆنموونە مەعقول نییە وەزیری کارەبا دەرماڵەی مەترسی وەربگرێت. (پێویستە) ئەو دەرماڵانە دەستکاری بکرێن و رێکبخرێنەوە و بە دادپەروەرانە دابەشبکرێن، هەروەها ئەو پڕۆژە چاکسازییەی لە پەرلەمان پەسەند دەکرێت، ئەوا من فەرمانبەران و حکومەتی هەرێمیش دڵنیادەکەمەوە کە دەتوانن ئەم سیستەمی پاشەکەوتی مووچەیە نەهێڵن".




رووداو
Top