لە پرۆسەیەکی کودەتائاسادا یەکێتی دەیەوێ سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لابدات

 لە پرۆسەیەکی کودەتائاسادا یەکێتی دەیەوێ سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لابدات
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەیەوێ لە ڕێگەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکەوە، رێبوار تاڵەبانیی سەرۆکی شەرعیی ئەنجومەنەکە لە پۆستەکەی ئیعفا بکات و لە شوێنی ئەودا جەمال مەولوود باپیر بکاتە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، بەڵام سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئاماژە بەوە دەدات، ئەو کارە پێچەوانەی پەیڕەوی ئەنجومەنە و ھەر خۆی بە سەرۆکی شەرعیی ئەنجومەنەکە دەمێنێتەوە.





بەپێی زانیارییەکان، لیستی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک داوای لە لیستە جیاوازەکانی ناو ئەنجومەنەکە لە پارتی و یەکگرتوو تورکمان و عەرەبەکان کردووە بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە، رێککەوتی ٢٧-٣-٢٠١٨ دا بکەن، کە ئامانج لێی ئەکتیڤکردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکە بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنەکە (جەمال مەولوود باپیر) وەک کۆدەتایەک بەسەر سەرۆکی شەرعیی ئەو ئەنجومەنەدا.



جەمال مەولوود باپیر، پێشتر ئەندامی حزبی شیوعی بووە، بەڵام بەھۆی لادان لە پرەنسیپەکانی ئەو حزبە، حزبی شیوعی بە فەرمی بەریبوونی خۆی لەو ئەندامەی راگەیاندووە. ئەویش ساڵێک پێش ئێستا لای خۆیەوە رای گەیاندووە کە ئەوان سەر بە (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان)ن و کار بۆ ئەو حزبە دەکەن.



لە رۆژی ٢٨-١١ی ساڵی رابردووش یەکێتی دوای خیانەتەکەی گرووپی ١٦ ئۆکتۆبەر لە کەرکووک، جەمال مەولوودی لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنەکە، کە تەنیا ئەندامانی یەکێتی و عەرەب و تورکمانەکان ئامادە بوون، سەرپشک کردووە بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارە کارگێڕی و داراییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ئێستاش دەیەوێ لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بە دەنگدانی ژمارەی ئەندامانی ئامادەبووی ئەنجومەنەکە، لە شوێنی ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکی دایبنێت، کە ئێستا بەھۆی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری کەرکووکەوە ژیانی ھێناوەتە شاری ھەولێر.



ھاوکات (باس) زانیویەتی، وا بڕیارە لەگەڵ دانانی جەمال مەولوود لەو پۆستە، لیژنەیەکی سێ کەسی لە ھەر سێ نەتەوەی (کورد، عەرەب و تورکمان) بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکە پێکبھێنرێت.



جەمال مەولوود، ئەندامی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ (باس) رای گەیاند، داوایان کردووە لە ڕێبوار تاڵەبانی خۆی بگەڕێتەوە کەرکووک و سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن بکات، بەڵام لە دۆخێکدا ئەگەر نەگەڕێتەوە، ئەوە ناچارن کۆبوونەوە بکەن و سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەش ئەو دەبێت، گوتیشی: “لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە نووسراومان بۆ ھاتووە کە دەڵێت بە زووترین کات ئەنجومەنەکە ئەکتیڤ بکەنەوە”.



ھاوکات، جەمال مەولوود، ئاماژەی بەوەش دا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەوانی وەکوو بەتەمەنترین ئەندام بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنەکە دەستنیشان کردووە، گوتی: ”داوامان لە ھەموو حزبەکان بە پارتی و یەکگرتووشەوە کردووە کە بێن لە کۆبوونەوەکە دابنیشن، پەیوەندی بە رێبوار تاڵەبانی کراوە بۆ گەڕانەوەی، بەڵام ئەگەر ھەر نەھات ناچارین رێگەی دووەم بەکار بھێنین”.



محەمەد کەمال، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ (باس) رای گەیاند، ئەو کارەیان پێ ناکرێت، چونکە کارێکی نایاساییە، گوتیشی: “تەنیا دەتوانن بۆ یەک کۆبوونەوە نیو سەعات ئەوە بکەن، کە جەمال مەولوود، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکە بکات، بەڵام لە رووی یاساییەوە زیاتریان بۆ ناکرێت، ئەوەش لە دۆخێکدا دەکرێت ئەگەر رێژەی یاسایی ئەندامانی ئەنجومەن کە دەبێت ٢١ کەس بن ئامادە بن، ئەگەر نا ھیچ ڕێگەی دیکەی یاسایی نییە کە بەتەمەنترین ئەندام کە جەمال مەولوودە بکات بە سەرۆکی ئەنجومەنەکە”.



ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان لە کەرکووک نین و بەو ھۆیەوە ھیچ داوایەکی وەھایان لێ نەکراوە کە بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا بکەن، گوتی: “نامەی برادەرانی یەکێتی بۆ ئامادەبوونمان بۆ ئەو کۆبوونەوەیە بۆ نەھاتووە، چونکە ئێمە لەوێ نین”.



لای خۆشیانەوە، ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ (باس) رای گەیاند، لە ھیچ کەناڵێکەوە بۆ ئامادەبوونیان لەو کۆبوونەوەیە ئاگەدار نەکراوەتەوە، گوتیشی: “ئەو کارە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکە، کە لە یاسای ٢١ و ٧١دا ئەوە ڕێگەی پێ نەدراوە، ئەگەر ئەو کارە بکەن ھەڵەیەکی گەورەی دەستووری و نایاسایی دەکەن”.



ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر ئەوە بشکرێت ھەر ئەوان وەکوو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەمێننەوە.



جێی وەبیرھێنانەوەیە کە لە رۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەوە، بەھۆی خیانەتی گەورەی گرووپێکی نێو یەکێتی، کەرکووک و خورماتوو و رادەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵا و ھێزە عیراقییەکانی دیکە کران و بەو ھۆیەوە کورد سێ یەکی خاکی کوردستانی باشووری لەدەست دا، ئەمە وێڕای ئەو کارەسات و ماڵوێرانی و ئاوارەبوونەی خەڵکی ئەو ناوچانە لە ئەنجامی ئەو خیانەتە رووبەڕووی بوونەوە و تا ئێستاش لێکەوتەکانی بەردەوامە.





باسنیوز
Top