نووسینگەی عەبادی لێدوانێکی ئەردۆغان لەبارەی پەکەکە رەت دەکاتەوە
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران عێراق، کە رۆژی سێشەممە 27/3/2018 بڵاو کراوەتەوە، عەبادی و بیناڵی یڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام داوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە، کە بیناڵی یڵدرم کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و ناردنی بەشێک لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، بە هەنگاوی ئەرێنی داناوە.
سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە پەیوەندییەکەدا، رەتی کردووەتەوە ئەوان گوتبێتیان هیچ رێککەوتنێکی عێراقی و تورکی لە دژی پەکەکە لە شنگال واژۆ کرابێت و رایگەیاندووە، ”میدیاکان بەبێ وردبینی هەواڵەکەیان گواستووەتەوە، ئێمە نەمانگوتوووە لەگەڵ عێراق رێککەوتووین و بەبێ رەزامەندیی عێراقیش هیچ ئۆپەراسیۆنێک لەسەر خاکی عێراق، ئەنجام نادەین“.
پێشتر چەندین جار بەرپرسانی تورکیا بە تایبەت رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایانگەیاندبوو، کە لەگەڵ حکوومەتی عێراق رێککەوتوون و سوپای وڵاتەکەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی پەکەکە لە شنگال و قەندیل ئەنجام دەدات.
باسنیوز
